بەریتانیا سزا بەسەر فەرماندەی گروپە چەكدارەكانی سووریا دەسەپێنێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 54

راچڵەكین -

بەریتانیا بڕیاریدا ژمارەیەك فەرماندەی گروپە چەكدارییەكانی سووریا بخاتە ناو لیستی سزادراوەكان بە تاوانی تێوەگلان لە تونوتیژییەكانی دژی بە هاووڵاتیانی سووریا لەسەر بنەمای تایفی، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی دژ بە عەلەوییەكان ئەنجامدرا.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا، كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، فەرماندەی گروپە چەكدارییەكانی حەمزە، سوڵتان سولەیمان شا و سوڵتان موراد، كە لەلایەن توركیاوە هاوكاری دەكرێن و زیاتر وابەستەی ئەو وڵاتەن، لەو كەسانەن كە خۆیان و گروپەكانیشیان خراونەتە لیستی سزادراوەكانەوە، ئەویش بەهۆی تێوەگلانیان لە كردەوەی توندوتیژی دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی لەسەر بنەمای تایفی و ئەنجامدانی تاوان لەكاتی شەڕی ناوخۆیی سووریا، بەتایبەتیش تاوانەكانی دژ بە عەلەوییەكان لەكاتی هێرشەكانیان بۆسەر ناوچەكانی رۆژئاوای سووریا لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، كە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار كەس كوژران و تاڵانییەكی زۆریش كرا.

سزاكەی بەریتانیا دژ بەو فەرماندانەی ناویان هاتووە، بریتییە لە بلۆككردنی سەرمایە داراییەكانیان و قەدەغەكردنی گەشتكردن بۆ بەریتانیا.   

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن