دوو پەیامی عەرەبی و خۆرئاوایی دۆخەكەیان لەعیراق سەرەوژێركرد

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 102


راچڵەكین-

چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت-یان ڕاگەیاندووە، حكومەتی بەغدادو لایەنە كاریگەرەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق، لەماوەی دوو هەفتەى ڕابردوو دوو پەیامی جیایان لە وڵاتێكی عەرەبی و دەزگایەكی هەواڵگری خۆرئاوا پێگەیشتووە كە زانیاری وردو " جدیی"یان لەخۆگرتووە، سەبارەت بە نزیكبوونەوەی وادەی ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی فراوان لەعیراق.

وەك لەناوەڕۆكی ئەو دوو پەیامەدا هاتووە، ئەگەر زۆربووە ئەو هێرشانە دامەزراوە حكومییە پەیوەندیدارەكان بە گروپە شیعەكان و حەشدی شەعبی، ئەو كەسایەتیانەی كە هەژموونی دارایی و سەربازییان هەیە، هەروەها شوێن و كۆگاكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەك و كەمپەكانی مەشقكردن، بكەنە ئامانج.

پێشبینیش دەكرێت، ئەو دوو پەیامە وایانكردبێت گروپە چەكدارەكان ڕاگەیەندراویان هەبێت و بگەنە ئەوەی بڵێن " چەك تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت" بەڵام لەهەمان كاتدا ئەو گروپانە داوای " كات و ئازاديان لەڕەفتاردا" كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەكانیان.

لەلایەكی ترەوە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عیراق ناوەڕكی ڕاپۆرتەكەی شەرقولئەوسەتی ڕەتكردووەتەوە كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، بەغدا دوو نامەی ئاگاداركردنەوەی لە وڵاتێكی ئەندام لە كۆمكاری عەرەبی و دەزگایەكی هەواڵگریی خۆرئاواییەوە پێگەیشتبێت لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر عیراق.

پەیامی وڵاتێكی دۆست

بەووتەی ئەو سەرچاوانە، ئاستی هەڕەشەكان روویان لە هەڵكشان كردووە سەرەتا بە پەیامی دەوڵەتێكی عەرەبی كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئەمریكییەكان و ئێرانییەكان هەیە، ئەم پەیامە جەختی لەوە كردۆتەوە كە بەغداد زۆر نزیكە لەوەی ڕوووبەڕووی هێرشێكی سەربازی هاوشێوەی بەئامانجكردنی مەكتەبی سیاسی حەماس لە دۆحە- ی پایتەختی قەتەر لەمانگی ئەیلولی 2025."

پەیامەكە چەند لایەنێكی لە حكومەتی عیراق و سیاتمەدارانی عیراق ئاگاداركردووەتەوە لەوەی :" ئاستی هەڕەشەكە زۆر جدییە، ئیسرائیلییەكان باسیان لەوە كردووە كە گڵۆپی سەوزیان لە ئەمریكا وەرگرتووە بۆ مامەڵەی تاكلایەنە لە گۆڕەپانی پرۆسەكان لە عیراق."

لە تشرینی یەكەمی 2023 وە، عیراق یەكێك بووە لە ئامانجی هێرشەكانی ئیسرائیل، بەڵام بەووتەی بەرپرسانی سیاسی عیراق، ئەمریكا بەردەوام ڕێگریكردووە لە تەلئەبیب بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی عیراق، لەبەرامبەردا واشنتۆن فشاری كردووە بۆ ئەوەی چەك تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت.

دبلۆماتكارێكی خۆرئاوایی ڕایگەیاندووە، ئەمریكییەكان ئەو بۆچوونەیان لا دروستبووە كە بەرپرسانی عیراق درك بەو ڕاستییە ناكەن كەلەواقیعدا دەگوزەرێت: " پێویستە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن بۆ ئەوەی مەترسییەكان لەخۆیان دووربخەنەوە."

هاوكات بەرپرسێكی عیراق جەختی لەوەكردووە لەڕێی وڵاتانی دراوسێ و باڵیۆزخانەی وڵاتانی خۆرئاواوە، هۆشدارییەكان لەبارەی گروپە چەكدارەكان گەیشتووەتە عیراق.

دۆسێیەكی قەبەو زانیاری وورد"

سەرچاوەكان دەڵێن، دوای چەند ڕۆژێك لەگەیشتنی پەیامی وڵاتە عەرەبییە دۆستەكەی عیراق"حكومەتی بەغداد دۆسێیەكی قەبەی لەلایەن دەزگایەكی هەواڵگری خۆرئاوا بەدەستگەیشتووە كە ناوەرۆكەكەی لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی ئیسرائیل ئامەدەكراوەو زانیاری ووردی تێدایە لەبارەی گروپە چەكدارەكانی عیراق."

بەووتەی ئەو سەرچاوانە :" قەبارەو ووردی ئەو زانیاریانەو گشتگیرییەكەی، بەرپرسانی عیراقی تووشی سەرسوڕمان كردووە."

ئەو لیستانەی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییە خۆرئاواییەكە گەیشتووە بەعیراق ، زانیاری زۆر وورديان تێدا بووە لەبارەی بەرپرسانی گروپە چەكدارەكان، كەسانی نهێنی و كە سانێك كە بەرژەوەندییە دارایی و بازرگانییەكان بەڕێوەدەبەن و پەیوەندیان بە گروپە چەكدارەكانەوە هەیە، هەروەك باس لەچەند دامەزراوەیەكی حكومی كراوە كە بوونەتە ڕووكاری هەژموونی گروپە چەكدارەكان.

ئەو سەرچاوانە ڕوونیان كردووەتەوە، ئەو دەزگا هەواڵگرییە خۆرئاواییە بە بەرپرسانی عیراقی راگەیاندووە، ئیسرائیل لەلێواری هێرشكردنە سەر عیراقە، دوای ئەوەی توانا دارایی و سەربازییەكانی گروپە چەكدارییەكانی بۆ ئاشكرا بووە:" تەقینەوەكانی ماوەی ڕابردووی پەیجەرەكانی لوبنان بەبیر سیاسەتمەدارانی شیعە هێنراوەتەوە دوای ئەوەی بەشێك لەڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەكەیان بۆ ڕوونكراوەتەوە."

بەرپرسێكی شیعە لە " هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی" رایگەیاندووە:" هەردوو پەیامەكە دۆخەكەیان سەراوژێركردو وایانكرد سەركردەی لایەنە شیعەكان هەنگاوەكانی تایبەت بەچەكی گروپەكان خێراتر بكەن، زۆربەشیان هەوڵدەدەن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە ئێستا چی بكرێت؟" بەڵام " ناكۆكی هەیە لەبارەی چۆنییەتی و ئەو لایەنەی دەبێتە جێی متمانە كە قۆناغی راگوزەری چەك دانانەكە جێبەجێ دەكات."

بەووتەی بەرپرسێكی شیعەكان، قوناغی یەكەمی چەكدانانەكە، ڕادەستكردنی  مووشەكی بالیستی، درۆنەكان، سەربازگە ستراتیژییەكان لە باكورو باشوری بەغداد لەخۆ دەگرێت، قۆناغی دووەمیش خۆی دەبینێتەوە لە دوورخستنەوەی سەركردەی ئەو گروپانە لە دەستەی حەشدی شەعبی.

لەئێستادا كێشەكە لەوەدا چڕ بووەتەوە، چ لایەنێكی حكومەتی عیراق ئەركی وەرگرتنی چەك لە گروپە چەكدارەكان و كۆتوبەندكردنیان لەئەستۆ دەگرێت، بەهۆی نەبوونی متمانەی ئەمریكا  بە دەزگای ئەمنییەكانی عیراق كەلەژێر هەژموونی گروپە چەكدارەكاندان.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن