ئیسرائیل دان بە سەربەخۆیی بەشێكی سۆماڵ دەنێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 158

راچڵەكین -

حكومەتی ئیسرائیل بە فەرمی دان بە سەربەخۆیی سۆماڵیلاند دەنێت وەك كۆمارێكی سەربەخۆی جیا لە سۆماڵ، نەتانیاهۆش بانگهێشتی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەكات بۆ سەردانیكردنی تەلئەڤیڤ و واژۆكردنی رێككەوتننامەی هاوبەشی لەنێوان هەردوو وڵات.

سەرۆكایەتی حكومەتی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هەینی 26-12-2025، بنیامین نەتانیاهۆ، پەیوەندی بە عەبدولڕەحمان محەمەد عەبدوڵڵا سەرۆككۆماری سۆماڵیلاند كرد و پێی راگەیاندن كە ئیسرائیل بە فەرمی دان بە وڵاتەكەیاندا دەنێت وەك كۆمارێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی جیا لە سۆماڵ.

نەتانیاهۆ و عەبدولڕەحمان محەمەد عەبدوڵڵا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا واژۆیان لەسەر راگەیەندراوێكی هاوبەش كرد بۆ بەستنی پەیوەندی دیپلۆماسی و بازرگانی، كە لەگەڵ رۆحی رێككەوتننامەی ئیبراهیمی یەكدەگرێتەوە.

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بە فەرمی بانگێشتنامەی ئاڕاستەی سەرۆككۆماری سۆماڵیلایند كرد بۆ سەردانیكردنی تەلئەڤیڤ و واژۆكردنی رێككەوتننامەیەكی هاوبەش لەبوارەكانی ئابووری، تەندروستی، كشتوكاڵ و تەكنەلۆجیا.

سۆماڵیلاند كە دەكەوێتە باكووری سۆماڵ، پێشتر بەشێك بوو لەو وڵاتە، بەڵام لەساڵی 1991 بەهۆی قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ حكومەتی مۆگادیشۆ، جیابوونەوەی لە سۆماڵ راگەیاند و یەكلایەنە خۆی وەك كۆمارێكی سەربەخۆ ناساند، هەرچەندە ئەو دەوڵەتە تائێستا لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ نەناسێندراوە، بەڵام بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ چەندین وڵاتی عەرەبی و ئەفریقی و جیهانی هەیە، لەوانەش تایوان و ئیمارات و ئەسیوپیا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن