راچڵەكین -
هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە رۆژئاوای كوردستان مەشقی هاوبەشی سەربازی ئەنجام دەدەن و تێیدا راهێنانیان لەسەر بەكارهێنانی چەكی قورس كرد.
ئەمڕۆ هەینی 26-12-2025، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، بڵاویكردەوە، هێزێكی تایبەتی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە بنكەی سەربازیی قەسرەك لە باكووری رۆژئاوای شاری حەسەكە، دەستیان بە ئەنجامدانی مەشقی سەربازی كرد بۆ راهێنان لەسەر بەكارهێنانی چەكی قورس و پێشكەوتوو.
لەكاتی ئەنجامدانی مەشق و راهێنانەكاندا، ژمارەیەكی زۆر فڕۆكەی جەنگی بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا دەسووڕانەوە بۆ پاراستنی هێزە هاوبەشەكەی هەسەدەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەهەر هێرشێك.
ئەمە دووەم مەشق و راهێنانی هاوبەشی سەربازییە لەنێوان هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنكەی سەربازیی قەسرەك لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، كە تێیدا جگە لە راهێنان لەسەر بەكارهێنانی چەكی قورسی پێشكەوتوو، مەشق لەسەر بەكارهێنانی سیستمی رادار و ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت كرا و چەوند مانۆڕێكیش ئەنجامدرا بۆ هەڵكوتانەسەر پێگەكانی دوژمن.
وەك لە راگەیەندراوەكەی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ هاتووە، ئامانج لەو مەشق و راهێنانە هاوبەشە سەربازییە، بەرزكردنەوەی توانا سەربازییە بەرگرییەكانی هەسەدەیە، كە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆسەر ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا.