راچڵەكین -
پۆلیسی راپەڕین دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند، كە ماوەی سێ ساڵ بە بەردەوامیی دزییان لە فرۆشگای خوێندنگەیەكی قەزای رانیە كردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین، كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لەڕێكەوتی 2025/12/18 سەردانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە كرد و سكاڵای تۆماركرد كە بەوتەی خۆی لە فرۆشگای خوێندنگەی سەفین و راپەڕین، پارەیەكی زۆر و خواردنی فرۆشگاكەیان لێ دزیوە، بۆئەم مەبەستە دوای كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر ئاشكراكردنی ناسنامەی تۆمەتباران، دوو تۆمەتبار لەلایەن هێزەكانی نەهێشتنی تاوانی رانیە دەستگیركران.
هەردوو تۆمەتبارەكە بەناوەكانی (ئـ.ر.هـ) و (ئـ.ح.أ)، یەكێكیان نەوجەوانە و ئەوەی دیكە تەمەنی لەسەرووی 18 ساڵە و هەردووكیان لە ڕەگەزی نێرن، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا و بە وتەی خۆیان لە مانگی 9ی ساڵی 2023 تاوەكو ڕێكەوتی 20-12-2025، بە كاتی جیاجیا و بەڕێژەیەكی زۆر كە نەتوانراوە هەژمار بكرێت، دزیان لەفرۆشگای ناوبراو كردووە و پارەیەكی زۆر و خواردنی فرۆشگاكەیان دزیوە.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەكردووە، لەئێستادا هەردوو تۆمەتبارەكە بەبڕیاری دادوەر و بە ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی، راگیراون و لێكۆڵینەوەش لەبارەی رووداوەكە بەردەوامە.