راچڵەكین-
چاوەكان لەسەر یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقە كە بڕیارە ئەمڕۆ سبەینێ دووشەممە 29ی كانوونی یەكەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
بەپێی ئەو كارنامەیە بێت كە بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردووەتەوە، دانیشتنەكە سوێندخواردنی ئەندامانی خولی شەشەمی یاسادانانی ئەنجوومەنەكە لەخۆدەگرێت، پاشان دەستدەكرێت بەدەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەكەی.
تائێستا كاندیدی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كە پشكی سوننەكانە بەتەواوی یەكلانەبووەتەوە، هەرچەندە شەوی ڕابردوو، چوار لایەنە پێكهێنەری ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی سوننەكان رایانگەیاند، هەیبەت حەلبووسی-یان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە كاندید كردووە، بەڵام لایەنی پێنجەمی ئەنجوومەنی سیاسی سوونەكان كە هاوپەیمانیی عەزمە، بە كاندیدكردنی هەیبەت حەلبوسی ڕازی نییەو بە جیا موسەننا سامەڕایی بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد.
دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق وێستگەیەكی چارەنووسسازی دەستوورییە كە ناتوانرێت دوابخرێت، لەبەر ڕۆشنایی پێداگری دادوەری و سیاسی لە پێویستی یەكلاییكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و هەردوو جێگرەكەی لەو دانیشتنەدا، وەك پابەندییەك بەبڕگەكانی دەستوور.
پێشتر دادوەر فایەق زێدان؛ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، جەختی لەوەكردبوەوە كە دەبێت لەدانیشتنی یەكەمی خولی شەشەی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەهەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و هەردوو جێگرەكەی كۆتایی پێبێت، هۆشداریشیدا لەوەی هەر دواخستنێك یان درێژكردنەوەیەك پێشێلكارییەكی ئاشكرای دەستوورە و پشت بەهیچ بڕەگەیەكی یاسایی نابەستێت.
دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەكاتێكدیا دێت، جگە لە سوننەكان، هێشتا كوتلە شیعەكان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو یەكلانەكردووەتەوە، هەروەك لەنێو ماڵی كوردیشدا بەتایبەت لەنێوان یەكێتی و پارتی هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ دیاریكردنی كەسێك وەك كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆككۆمار.