ترەمپ؛ ڤەنزوێلا كەرەنتین دەكات

ڕاپۆرت

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 97

راچڵەكین-

ئاوەكانی دەریای كاریبی چیتر بەتەنها ڕێڕەوێكی بازرگانی نین؛ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بووەتە گەورەترین گۆڕەپانی كۆبوونەوەی سەربازی ئەمریكا لە ناوچەكەدا.

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان و زانیارییەكانی بەدواداچوونی كەشتیوانی كە لەلایەن ڕۆیتەرزە كۆكراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەكەن، فەرماندەیی باشووری ئەمریكا هێزێكی هێرشبەری جێگیركردووە كە پێكهاتووە لە كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگری ئەتۆمی كە لەلایەن كەشتییە شەڕكەرەكانی كەنار دەریاوە پاڵپشتی دەكرێت و، كۆی هێزەكەی بە نزیكەی ١٥ هەزار سەرباز مەزەندە دەكرێت.

بەپێی شیكارییە سەربازییەكان كە لەلایەن وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە بڵاوكراونەتەوە، ئەم جێگیركردنە ئەركی "بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان" تێدەپەڕێنێت و، لەڕووی سەربازییەوە دەچێتە چوارچێوەی "كۆنترۆڵی تەواوەتی دەریایی".

ئەم گۆڕانكارییە ڕیشەییە پشتبەستووە بەو ڕێنماییانەی لەلایەن كۆشكی سپی دەركراون كە تیایدا جەختكراوە لەسەر سەپاندنی " كەرەنتین" لەسەر هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا.

بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەیە " كەرەنتین" مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی مووشەكەكانی كوبا لە ساڵی 1962، كەبەبۆچوونی پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتی كە بە تۆڕی (بی بی سی)یان ڕاگەیاندووە، ئامانج لێی خۆ بەدوورگرتنە لە ڕاگەیاندنی "گەمارۆدانی گشتی" كە بەواتای " راگەیاندنی جەنگ" دێت، ئەم كەرەنتینەیەش بوار بە واشنتۆن دەدات، شاردەمارەكانی ئابووری كاراكاس ببڕێت بەبێ تێوەگلان لە پابەندییە یاساییەكانی وەك پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی یاخود چوونە ناو جەنگێكی كراوە.

ڕۆڵی CIA:

لەگەڵ سەپاندنی ئەو فشارە ئابوورییەدا، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا لەڕێی بڵاوكردنەوەی تویتێكەوە "قەدەغەكراوە" سەربازییەكانی شكاند، كاتێك ئاماژەی بە وەشاندنی گورزێكی سەربازی " وورد" كرد لەناو خاكی ڤەنزوێلا. 

لە كاتێكدا پنتاگۆن بە فەرمی هیچ ئاماژەیەكی بەو گورزە سەربازییە نەكردووە، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس  لەزاری بەرپرسانی ئەمریكا زانیاری هەستیاری بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا جەختكراوە لەوەی كە هێرشەكە لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراوە كە سەر بە دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA) بووە نەك سوپای ئەمریكا.

گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئاماژەی بەوە كردووە، سپاردنی ئەو ئەركە بە سی ئای ئەی دەچێتە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی نهێنی"، كە وادەكات واشنتۆن  بوونی شەڕێكی فەرمی ڕەتبكاتەوە، لە هەمان كاتدا پەیامێكی ئاگرین بۆ مادۆرۆ دەنێرێت: " حەشارگە و دامەزراوە لۆجستییەكانت ئاشكرا بوون".

سیناریۆكانی قۆناغی داهاتوو

بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی كە ڕۆژنامەی ئیكۆنۆمیست بڵاویكردووەتەوە، پێناچێت واشنتۆن پلانی لەشكركێشی زەمینی نزیك مەودای (دوو مانگی داهاتوو) بۆسەر ڤەنزوێلادابڕێژێت، بەهۆی ئەوەی تێچوویەكی زۆری دەوێت، لەگەڵ مەترسی ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی ڤەنزویلی بۆ وڵاتانی بەڕزایل و كۆڵۆمبیا كە هاوپەیمانی ئەمریكان.

لەجیاتی ئەنجامدانی هێرشی زەمیینی، بۆچوونەكان بەو ئاڕاستەیەن، واشنتۆن پەنا ببات بۆ ستراتیژی " داڕمان لەناوخۆدا" لەڕێی گەمارۆی دەریایی سەر ڤەنزوێلا، ئەوەش سەرچاوە داراییەكانی ئەو وڵاتە نزیك دەكاتەوە لەووشكبوون، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە ئەمنییەكان لەڕێی وەشاندنی گورز لێیان لەلایەن CIA یەوە، ئەو كات ڕژێمی ئەو وڵاتە دەخاتە بەردەم فشاری شەقامی ڤەنزویلی یاخود كودەتای سەربازی.



 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن