راچڵەكین -
لیژنەی باڵای ئەمنی ئیدارەی راپەڕین بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی، سەرجەم هێزەكانی دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو چەند بڕیارێكیش دەردەكات.
لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 31-12-2025 بڵاویكردووەتەوە، لیژنەی باڵای ئەمنی ئیدارەی راپەڕین، سەرجەم دانیشتوانی سنورەكەی ئاگاداركردووەتەوە كە بەمەبەستی دەبڕینی خۆشی بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی 2026، بۆئەوەی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیان پارێزراو بێت و بێ كێشە و گرفت یادی ساڵی نوێ بكەنەوە، ئەم بڕیارانەی دەركرد:
دەقی بڕیارەكان:
١ـ سەرجەم هێزە ئەمنیەكانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سەروماڵی هاوڵاتیان و پاراستنی شوێنە گشتییەكان.
٢ـ بەهەموو شێوەیەك تەقە كردن قەدەغەیە.
٣ـ لێخوڕنی ئۆتۆمبیل بەشێوەی سەرنجڕاكێش و سەرپێچی یاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ قەدەغەیە.
٤ـ بەرتەسككردنەوەی رێگاكانی پیادەڕۆی و شۆفێری لە شوێنە گشتییەكان و ئەو شوێنانەی چالاكی هونەری و كەلتوری لێ ئەنجام دەدرێت بە هەموو شێویەك قەدەغەیە. بەڵام لە كاتی پێویستدا ئەو شوێنانەی چالاكییەكانی لێ ئەنجام دەدرێت شەقامەكانی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەگیرێن بۆ كردنەوەی ڕێڕەوی پیادەڕۆیی.
٥ـ تێكدانی ئارامی و نانەوەی پشێوی بەهەر جۆرێك لە جۆرەكان بەرامبەر بە هاووڵاتیان قەدەغەیە.
٦ـ داوا لە دانیشتوانی سنورەكەمان دەكەین هاوكار و هەماهەنگی هێزە ئەمنیەكان بن لەپێناو پاراستنی ڕەوشی ئارامی و ئاسایشی سنورەكەمان تاكو هاوڵاتیان بتوانن بەشداری خۆشییەكانیان بكەن بەبێ كێشە و گرفت یادی سەری ساڵی نوێ بكەنەوە.
بە پێچەوانەی ئەم خاڵانەی سەرەوە ڕێكاری یاسایی لە دژی سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر.