راچڵەكین -
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێ، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: هاووڵاتیانمان شایەنی ئەوەن خاوەن پەرلەمانێكی چالاك و حكومەتێكی نوێ و كاریگەر بن.
لەو پەیامەیدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 31-12-2025 بڵاویكردووەتەەوە، دەرباز كۆسرەت رەسول، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، راشیگەیاندووە،" گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەرو خێران، تەنها بە یەكڕیزی و تەبایی و گفتوگۆی بنیاتنەرانە دەتوانین پارێزگاری لە دەستكەوتەكانمان بكەین".
دەقی پەیامەكە:
پیرۆزبایی هاتنی سەری ساڵی زاینی 2026 لە سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەم، بە هیوام ساڵی نوێ خێروخۆشی بۆ میللەتەكەمان هێنابێت.
ساڵانی رابردوو میللەتەكەمان بە قۆناغی سەخت و دژواردا تێپەڕی، هاووڵاتیانمان زۆر ئارامیان گرت، ئومێدەوارم لە ساڵی نوێدا ئەم ناخۆشی و ئاڵنگارییانە بەرۆكمان بەربداو زەمینەی ژیانێكی شایستەتر بۆ خەڵكی خۆمان بڕەخسێنین.
ناسەقامیگری سیاسیی و پێكنەهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم یەكێكی تر بوو لەو گرێكوێرانەی كە دەبوو هەر زوو قۆڵی كوردانەی لێهەڵماڵین و هەموو ناكۆكییەكان بخەینەلاوە، هیوادارم لە ساڵی تازەدا بە گیانی كوردانەو برایانە هەنگاو بنێین بۆ چارەسەری ریشەیی جیاوازییەكان، بەربەستەكانی بەردەم كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان نەمێنن، هاووڵاتیانمان شایەنی ئەوەن خاوەن پەرلەمانێكی چالاك و حكومەتێكی نوێ و كاریگەربن، تا لەسایەیدا بحەسێنەوە.
هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی بەخۆداچوونەوەو كاری پێكەوەیی و برایەتی بێت، لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكاندا.
گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەرو خێران، تەنها بە یەكڕیزی و تەبایی و گفتوگۆی بنیاتنەرانە دەتوانین پارێزگاری لە دەستكەوتەكانمان بكەین.
بۆ كاركردن لە بەغدا تەنها یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی و گیانی كوردانە چارەسەرە بۆ گرفتەكانمان لەگەڵ حكومەتی عیراق، پێویستە بە بەرنامەیەكی هاوبەش هەنگاو بنێین بۆ بەغداد، بۆئەوەی لە ساڵی نوێداو لە حكومەتی نوێدا كورد پێگەو سەنگی زیاتر لە جاران لەبەرچاو بگیرێت.
دەرباز كۆسرەت رەسول
ئەندامی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان