راچڵەكین-
ئەندامێكی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجامدەدات بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك، دیارترینیان گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەركۆوەزیرانی داهاتووی عیراق.
عودەی عەبدولهادی بە بەغداد ئەلیەوم-ی ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا ژمارەی كاندیدەكانی ئەو پۆستە بۆ سێ ناو كەمكراوەتەوە، " بەڵام تا ئێستا ناتوانرێت ناسنامەی كاندیدی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو دیاری بكرێت، بەهۆی بوونی تێڕوانینی جیاواز لە نێوان هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی."
گفتوگۆی نێو لایەنە پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە شێوازی قۆناغی سیاسی داهاتوو و دابەشكردنی ناوەندەكانی بڕیاردان لەنێوان هێزە سەرەكییەكانیدا چڕتر دەبێتەوە، بەتایبەت كە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان سوورە لەسەر مافی كاندیدكردنەوە محەممەد شیاع سودانی، بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی وەزیرانی عیراق، لەبەرامبەردا لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی ناوی تر هێنراونەتە پێشەوە بۆ هەمان پۆست.
هەوڵەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران لەكاتێكدا دێت، هەفتەی ڕابردوو، یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامدراو دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنەكە هەڵبژێردران.
هاوكات لەلایەن هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ڕۆژی 5ی كانوونی دووەمی 2026 دیاریكرا بۆ دانیشتنی نوێی ئەنجوومەنەكەو هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كەئەویش لەپشكی كوردە، هەركاتێكیش سەرۆككۆمار هەڵبژێردرا، ئەو كات كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران رادەسپێرێت (پشكی شیعە) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق.