محەممەد شیاع سودانی لێدوانەكانی توند دەكات

عێراق

04/01/2026     ژمارەی بینراو 222


راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق دەڵێت، ئەو هێرشەی چەند ساڵێك پێش ئێستا لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد ئەنجامدرا" پێشێلكارییەكی زەقی شوێنێكی مەدەنی بووە، كە یاسا نێودەوڵەتییەكان  قەدەغەی كردووە."

ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی كانوونی دووەمی 2026 محەممەد شیاع سودانی، لەوتارێكدا بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی بەسەركردایەتی ئەمریكا، ووتارێكی پێشكەشكرد.

سودانی لەبەشێكی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد:" كارمانكردووە بۆ بەهێزكردنی عیراق و سەروەرییەكەی، لەماوەی ڕابردوودا ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان كۆتایی پێهێناو لەچەند رۆژی داهاتوودا بنكەی سەربازی عەین ئەسەد-مان رادەستدەكرێت، بەهەمان شێوەی ئەركی نێردەی یونامی-مان كۆتایی پێهێنا."

" چەك داماڵین و هێشتنەوەی تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بەئامانجگرتنی كەس نییە، بەڵكو بۆ پاراستنی عیراق و نەهێشتنی پاساوی داگیركەرانە، پرۆسەكەش بەتەواوی عیراقییانە دەبێت، ئەوەش هەنگاوێكە مەرجەعییەتی ئایینی جەختی لەسەر كردووە." سودانی وا دەڵێت.

سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق ئەوەی ڕوونكردووەتەوە:" قەوارەی زایۆنی بەنیازە پلانە شەیتانییەكەی جێبەجێ بكات، ئەوەی لا ڕوونە عیراق كۆڵەكەی سەقامگیریە لە ناوچەكە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن