راچڵەكین -
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كردستان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن سەرۆكی كاتیی سووریاوە پێدەگات و پێی رادەگەیەنێت كە كورد پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكیی گەلی سووریایە و هەموو مافە نیشتیمانی و سیاسی و مەدەنیەكانیشی گرەنتی كراوە.
ئەمڕۆ هەینی 9ی كانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سووریا، لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسیەكانی سووریا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لە بایەخی سەقامگیری و هەماهەنگیی هاوبەش كردەوە. ئەحمەد شەرع ئەوەی دووپات كردەوە كە كورد پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكیی گەلی سووریایە و جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیكردنی هەموو مافە نیشتیمانی و سیاسی و مەدەنیەكانی كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی تری سووریا بە شێوەیەكی یەكسان و بێ جیاوازی كردەوە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكی پارتی پێزانینی بۆ ئەو تێروانینەی سەرۆكی كاتی سووریا هەبوو و پشتیوانی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سووریەكان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك ڕاگەیاند كە هەموو لایەن و پێكهاتەكان بگرێتەخۆ و تێیدا هاوبەش بن. هەروەها جەختیشی لە پێویستی بەردەوامیی ڕاوێژ و هەماهەنگی كردەوە ئەویش لەپێناو ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەك و پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.