زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارەی سووریا لە لوبنانەوە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 107

راچڵەكین -

حكومەتی لوبنان ئاشكرایدەكات، لەماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارەی سووریا كە بەهۆی دۆخی ناوخۆی وڵاتەكەیانەوە روویان لە لوبنان كردبوو، بەشێویەكی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

حەنین سەید، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی لوبنان لە لێدوانێكی رژنامەوانیدا رایگەیاند: لەدوای ئاساییبوونەوەی دۆخی سووریا، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی سووریا كە لەچەند ساڵی رابردوودا پەنایان بۆ لوبنان هێنابوو، بەهاوكاری رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، درێژەی هەیە و لە ساڵی 2025دا، 501 هەزار و 603 ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ سووریا.

ئەو بەرپرسەی حكومەتی لوبنان ئاماژەی بەوەكرد، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی سووریا بۆ زێدی خۆیان، بە پاڵپشتی كۆمسیۆنی كاروباری پەنابەران و رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ، لەژێر ناوی (گەڕانەوەی ئارام و رێكخراو) بەڕێوەدەچێت و بەردەوامیش دەبێت و سەرجەم ئاوارەكانی سووریا دەگرێتەوە.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك هاندانێك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی سووریای نیشتەجێی لوبنان، بڕیاریداوە هەر ئاوارەیەك كە ناوی خۆی بەمبەستی گەڕانەوە تۆمار دەكات، بڕی 100 دۆلاری پێدەدرێت، هەر خێزانێكیش لەدوای گەڕانەوەی بۆ سووریا، بڕی 400 دۆلاری پێدەدرێت.

بەگوێرەی ئامارەكانی حكومەتی لوبنان، نزیكەی یەك ملیۆن و 800 هەزار هاووڵاتی سووریا بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری وڵاتەكەیان، ئاوارەی لوبنان بوون، لەو ژمارەیەش تەنها 880 هەزار كەس لە كۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان تۆماركراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن