" دەستبەجێ جێیبهێڵن" پەیامێكی هۆشداری لە ئەمریكاوە بۆ هاوڵاتییەكانی لەئێران

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 39

راچڵەكین-

ئەمریكا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد دەستبەجێ ئێران بەجێبهێڵن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ناڕەزایەتییەكان لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا ڕوویان لەهەڵكشانكردووەو مەترسی ئەوەیان لێدەكرێت بەئاڕاستەی  توندوتیژی هەنگاو بنێن و هەڵمەتی دەستگیركردنیان لێبكەوێتەوە.

باڵیۆزخانەی گریمانەیی ئەمریكا لە تاران لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە: "پێویستە هاووڵاتیانی ئەمریكا پێشبینی ئەوە بكەن كە هێڵەكانی ئینتەرنێت لەو وڵاتە بەردەوام بێت لەپچڕان و، پلان بۆ هۆكاری پەیوەندی جێگرەوە دابنێن، ئەگە زانیشیان سەلامەت دەبن بیر لە جێهێشتنی ئێران بكەنەوە لە ڕێگەی وشكانییەوە بۆ ئەرمینیا یان توركیا".

واشنتۆن لە ڕێنماییە نوێكراوەكانیدا جەختی لەوەكردووە، بژاردەكانی گەشتە ئاسمانییەكان زۆر سنووردارن، لەگەڵ بەردەوامی كۆمپانیا ئاسمانییەكان بەهەڵوەشاندنەوەی گەشتەكانیان تا كۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەوەش وا دەكات بەرپرسیارێتی جێهێشتنی ئێران بكەوێتە ئەستۆی خودی هاوڵاتیان دوور لەهاوكاری ڕاستەوخۆی حكومەت.

لەهۆشدارییەكەشدا ئاماژە بەوەكراوە، پێویستە ئەو هاوڵاتییە ئەمریكیانەی ناتوانن ئێران جێبهێڵن، دوور بكەونەوە لەشوێنە قەرەباڵغ و كۆبوونەوەكان و لەشوێنێكی سەلامەتدا خۆیان بپارێزن.

واشنتۆن ئەوەی روونكردووەتەوە، ئێران دان بە ڕەگەزنامەی ئەو هاوڵاتیانەدا نانێت كە هەڵگری هەردوو ڕەگەزنامەی ئەمریكی- ئێرانین، بەڵكو وەك هاوڵاتییەكی ئێرانی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، ئەوەش وا دەكات تەنها بەنیشاندانی پاسپۆرتە ئەمریكییەكەیان سزاكەیان لەسەر بكرێت بە دوو هێندە.

لەكۆتایی بەیاننامەكەشدا داوا لەهاوڵاتیانی ئەمریكی كراوە لەئێرانەوە ڕوو لە سنوورەكانی ئازەربیجان نەكەن و نزیكی سنوورەكانی ئەفغانستان، پاكستان و عیراق نەبنەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن