راچڵەكین-
دەزگای هەواڵگری عیراق بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی، ئەندامانی یەكێك لەتۆڕە مافیا نێودەوڵەتییەكانیان دەستگیركرد.
دەزگای هەواڵگری عیراق بڵاویكردووەتەوە، لەسەر بنەمای هەواڵگری ورد و ئۆپەراسیۆنەكانی بەدواداچوونی ناوخۆیی و دەرەكی، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری نیشتمانی بۆ هاوكاریی دادوەری نێودەوڵەتی و دەزگا ئەمنییەكان لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان، توانرا ژمارەیەك سەركردەی تاوانكاری دەستگیربكرێن كە چەندین یاداشتی دەستگیركردنیان لەسەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی هەیە و سەر بە تۆڕی ( فۆكسترۆت)ن كەبەیەكێك لەمافیا نێودەوڵەتییە مەترسیدارەكان دادەنرێت و لەچەندین تاوانی ئاڵۆز لەژمارەیەك لەوڵاتانای جیهان تێوەگلاوە.
وەك لەڕاگەیەندراوەكەی هەواڵگری عیراقد هاتووە، ئۆپراسیۆنی دەستگیركردنی ئەندامانی ئەو تۆڕە بەهەماهەنگی لەنێوان ژمارەیەك پارێزگادا بووە، دوای ئەوەی بەنیازبوون خاكی عیراق بەكاربهێنن بۆ كردە تاوانكارییەكانیان.
یەكێك لەئەندامانی ئەو تۆڕە كە دەستگیركراوە ناوی "عەلی شەهاب"ە و تەمەنی 21 ساڵەو، مانگی كانوونی یەكەمی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە دەستگیر كراوە.
تۆڕی "فۆكسترۆت" (Foxtrot) لە سوید سەریهەڵداوە، لەئێستادا بووەتە یەكێك لە مەترسیدارترین ئەو تۆڕانەی تێوەگلاون لە بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر، قاچاغچێتیی چەك و ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستیی.