راچڵەكین -
لە تایلاند بەهۆی دەرچوونی شەمەندەفەرێك لە رێڕەوی خۆی و وەرگەڕانی، زیاتر لە 20 سەرنشین گیانیان لەدەستدا و دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.
پۆلیسی تایلاند بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 14-1-2026، شەمەندەفەرێك لەكاتی گەشتێكی رۆژانەی لە بانكۆك-ی پایتەختەوە بەرەو ناوچەیەكی باكوور، لە ڕێڕەوی خۆی لایدا و وەرگەڕا، بەهۆیەوە 22 كەس لە سەرنشینەكانی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 30 سەرنشینیش بریندار بوون.
بەگوێرەی میدیاكانی تایلاند، شەمەندەفەرەكە لەكاتی تێپەڕبوونی بە ناوچەیەك كە كاری تێدا دەكرا بۆ دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەری خێرا، بەرزكەرەوەیەك بەسەریدا كەوتووەتە خوارەوە، بەهۆیەوە لەڕێڕەوی هێڵی ئاسنینەكە لایداوەو وەرگەڕاوەو ئاگریشی گرتووە، لەدوای رووداوەكەش راستەوخۆ تیمەكانی فریاگوزاری بەهانای سەرنشینەكانەوە چوون و تەرمی قوربانییەكانیان دەرهێناوە و بریندارەكانیشیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە.