راچڵەكین -
هاتووچۆی هەولێر بەرنامەیەكی نوێ بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی یاسا و ڕێساكان و سزادانی سەرپێچیكاران رادەگەیەنێت، لەوانەش دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و سزادانی ئەو شۆفێرانەی پشتێنی سەلامەتی نابەستن و لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا مۆبایل بەكاردەهێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-1-2026، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو بە هۆی تەواوبوونی كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕۆیی و بەدواداچوونی بەردەوامی تیمەكانمان، رووداوەكانی هاتوچۆ بە مردن و برینداربوون كەمبۆوە، لە پێناوی پاراستنی زیاتری گیانی هاووڵاتیان و پاراستنی مافی هەموو بەكارهێنەرانی شەقام و پاراستنی سەروەریی یاسا بەسەر هەمووان، ئاگاداری شۆفێران دەكەینەوە كە تیمەكانی هاتووچۆ لە ترافیكلایتەكان، بازگە و مەفرەزەكان، هەروەها لەناو ئۆتۆمبێلەكانی هاتووچۆ (بە هەردوو جۆری تابلۆی میری و تابلۆی شارستانیی)ەوە بە بەرنامەیەكی نوێ بۆ ساڵی 2026 دەستدەكەن بە بەدواداچوونی جێبەجێكردنی یاسا و ڕێساكان و سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەكەن.
هاتووچۆی هەولێر جۆری سەرپێچییەكانی دیاریكردووە، كە بریتین لە:
- ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ، یان تابلۆی ساختە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت.
- بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی شۆفێریدا رووبەڕووی سزای دارایی دەكرێتەوە.
- بەكارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی، لەناو شار و لە دەرەوەی شار، رووبەڕووی سزای دارایی دەكرێتەوە. بۆیە خۆتان ڕابهێنن كە لەگەڵ داگیرساندنی ئۆتۆمبێل، پشتێنی سەلامەتی ببەستن، ئەمەش بۆ سەلامەتی خۆتانە.
- جام رەشكردن بێ مۆڵەت، بەكارهێنانی نەشرە و فلاشەر و دەستكاریكردنی گزۆز، دەستی بەسەردا دەگیرێ و سزای دارایی دەدرێت.
- شۆفێریكردن بێ مۆڵەت رووبەڕووی دادگا و یاسا دەكرێتەوە.
- ماتۆڕسواری دیلیڤەری و هەر جۆرە ماتۆڕێكی دیكە، پێویستە هەردوو تابلۆی پێشەوە و دواوەی پێوە بێت و بە فەرمی تۆمار كرابێت، بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
- ماتۆڕسوار دەبێ مۆڵەتی لێخوڕینی هەبێت و كڵاو و پێداویستی سەلامەتی لەسەر بێت، بە پێچەوانەوە سزای داریی دەكرێت.