ئاسایش لەسەر رووداوەكەی ئەمڕۆی مزگەوتی بەختەوەری دێتەدەنگ

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 104

راچڵەكین -

دەزگای ئاسایشی هەرێم لەسەر رووداوەكەی ئەمڕۆی مزگەوتی بەختەوەری لە گەڕەكی راپەڕین دێتەدەنگ و رایدەگەیەنێت: وتاربێژی مزگەوتەكە خۆبەخشە و بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە.

عەقید كارزان شێركۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠٢٦/١/١٦ لەمزگەوتی بەختەوەری گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، وتاری ڕۆژی هەینی بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی و گرژی و ئاڵۆزی لە مزگەوتەكەدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستبەجێ بۆ كۆتایی هێنان بەئاڵۆزییەكان، وتاربێژەكەیان گواستەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی.

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژە بەوەكردووە، (هەڤاڵ فارس مەولود) پیشەی ئەندازیارە و خۆبەخشانە وتاربێژی (مزگەوتی بەختەوەری)یە، دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت ناوبراو لە وتارەكەی ئەمڕۆیدا هەندێك دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر بە كوردانی ڕۆژئاوا بەكارهێناوە و ئەمەش بۆتەهۆی ناڕەزایی لای نوێژخوێنانی ئەو مزگەوتە.

لە ئێستادا وتاربێژە خۆبەخشەكە بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عیراقی، ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن