راچڵەكین -
مەزڵوم عەبدی فەرمادەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا، واژۆیان لەسەر رێككەوتننامەی ئاگربەست و تێكەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سووریا واژۆكرد، بەگوێرەی رێككەوتننامەكەش، سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی هەسەدە بە شێوەی تاكەكەسی تێكەڵ بە سوپای سووریا دەكرێن.
ئەمڕۆ یەكشەممە، سەرۆكایەتی كۆماری سووریا، دەقی رێككەوتننامەی ئاگربەستی بڵاوكردەوە، كە لە 14 خاڵ پێكهاتووە و لەلایەن مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە.
لە رێككەوتننامەكەدا هاتووە، دەستبەجێ ئاگربەست لەسەرجەم بەرەكان و خاڵەكانی نێوان سوپا و هەسەدە رادەگیرێت و هێزەكانی هەسەدەش بۆ رۆژهەڵاتی فورات دەكشێنەوە.
دەستبەجێ تەواوی هەردوو پارێزگای دێرەزور و رەققە لەڕووی سەربازی و كارگێڕییەوە رادەستی حكومەتی سووریا دەكرێت و سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەكانی پارێزگای حەسەكەش تێكەڵ بە دامەزراوەكانی دەوڵەتی سووریا دەكرێن.
سەرجەم دەروازە سنوورییەكان و كێڵگەكانی نەوت و غاز رادەستی حكومەتی سووریا دەكرێن و داهاتەكانیشی بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە.
سەرجەم هێزە ئەمنی و سشەربازییەكانی هەسەدە بەشێوەی تاكەكەسی دەخرێنە ناو پەیكەری وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا دوای ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی و مووچە و پلەی سەربازیشیان پێدەبەخشرێت.