راچڵەكین -
عیراق لەسەر ئاستێكی باڵای ئەمنی و سەربازی كۆدەبێتەوەو وێڕای ئیدانەكردنی هێرشكردنە سەر ئێران، هۆشداری دەدات لە لێكەوتەی ئەو هێرشانەی كرانە سەر چەند ناوچەیەكی عیراق و بەهۆیەوە چەند كوژراوێكی لێكەوتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 28-2-2026، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەكانی كرد، كە هەریەك لە وەزیری ناوخۆ، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، سوپاساری عیراق و سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆر و جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی ئامادەیبوون.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو هێرشانە كرا كە چەند پێگەیەكی عیراق كرانە ئامانج و پێشهاتەكانی هێرشكردنە سەر ئێرانیش تاووتوێكران.
لە كۆبوونەوەكەدا بەناوی حكومەت و گەلی عیراقەوە وێڕای رەتكردنەوەی لۆژیكی جەنگ، ئیدانەی هێرشكردنە سەر ئێران كرا و هۆشدارییش لە لێكەوتەكانی بەئامانجگرتنی چەن پێگەیەكی ناو عیراق كرا، كە چەندین كوژرا و برینداری لێكەوتەوە.
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق هۆشدایدا لە دەستبردن بۆ سەروەریی و كایەی ئاسمانی و زەمینی عیراق، یان بەكارهێنانی وەك رێڕەوێك بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، هاوكات رەتیشیكردەوە خاكی عیراق و ئاوە هەرێمایەتییەكانی ببێتە هۆكارێك بۆ تێوەگلاندنی عیراق لە ململانێكان، راشیگەیاند: حكومەت پەنا بۆ هەموو ئەو ئامرازانە دەبات كە یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكان رێگەی پێدەدات لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی وڵاتەكەی.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر هەڵوێستی عیراق كرایەوە بۆ پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی كردەوە سەربازییەكان و پەنابردنە بەر دیالۆگ و ئامرازە ئاشتیخوازانەكان كە یاسای نێودەوڵەتی فەراهەمی كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە نێودەوڵەتییەكان. هەروها داواش لە وڵاتە زلهێزەكان، لە سەرووشیانەوە ئەمریكا كرا گیانی بەرپرسیارێتییان هەبێت و هاوكار بن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەسەری دوور لە بژاردەی سەربازی.