پاكستان زیانەكانی سوپای ئەفغانستان ئاشكرا دەكات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 196

راچڵەكین -

حكومەتی پاكستان ئەنجامی هێرشەكانیان بۆسەر ئەفغانستان بڵاودەكاتەوەو بەرپسێكی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: تائێستا زیاتر لە 460 چەكداری ئەفغانی كوژراون و نزیكەی 670 چەكداری دیكەش بریندار بوون، دەیان تانك و زرێپۆشی ئەو وڵاتەش تێكشكێندراون.

عەتەڵڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی پاكستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەئەنجامی ئۆپەراسۆنە سەربازییەكانی سوپای پاكستان بۆسەر پێگە سەربازییەكانی ئەفغانستان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، تائێستا 464 چەكداری ئەفغانی كوژراون و ژمارەی بریندارانیش بۆ 668 چەكدار بەرزبووەتەوە.

ئەو بەرپرسەی حكومەتی پاكستان ئاشكراشیكرد، هێزەكانیان بەدرێژایی چەند رۆژی رابردوو توانیوانە 188 پێگەی سەربازیی ئەفغانستان لە ناوچە سنوورییەكان خاپوور بكەن و نزیكەی 200 تانك و زرێپۆشی ئەو وڵاتەش تێكشكێندراون.

لەچەند رۆژی رابردوودا سوپای ئەفغانستان بەدرێژایی ناوچە سنوورییەكانی لەگەڵ پاكستان، هێرشێكی فراوانی كردە سەر ئەو وڵاتە و چەندین خاڵی سەربازیی كۆنترۆڵكرد و ژمارەیەكی زۆر سەربازی پاكستانیش كوژران، لەوەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای پاكستان ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی سەربازیی دەستپێكرد و جگە لە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو خاڵە سەربازییانەی سەر سنوور كە لەلایەن ئەفغانستانەوە داگیركرابوون، چەندین پێگەی سەربازیشی لەناو خاكی ئەفغانستان كۆنترۆڵكرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن