ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ و بافڵ تاڵەبانی ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 560

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاودەكاتەوەو تەوەرێكی كۆبوونەوەكەش تایبەت بوو بە ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەرۆك ترەمپ و بافڵ جەلال تاڵەبانی بوو، كە تیایدا سەرۆك ترەمپ بەرچاو ڕوونیداوە لە ئامانجەكانی ئەمەریكا لەم جەنگەدا.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوێك لەمەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە: 

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئازار، بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەكتەبی سیاسیی كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێكی سەرەكی خرانە بەرباس و گفتوگۆكردن. 

لە كۆبوونەوەكەدا، بافڵ تاڵەبانی، بەرچاو ڕوونییەكی تەواویدا لەسەر كۆبوونەوەی لەگەڵ تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆك ترەمپ و بەڕێز مەزڵوم عەبدی، كە تیایدا گفتوگۆكرا لەهەمبەر مسۆگەركردنی سووریایەكی دەستووری، كە مافی تەواوی پێكهاتەكانی تێدا پارێزراوبێت و جەخت لەجێبەجێكردنی رێككەوتنی 29ی كانوونی دووەمی نێوان سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات كرایەوە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بریتیبوو، لە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە و گرژییە ئەمنییەكان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە، كە باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەركردنی پرسەكان بە لێكتێگەشتن و دایەلۆگ و ئەولەویەت لای یەكێتی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و سەروەری خاكی عیراقە، سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەدا كە یەكێتی ئامادەیە هەموو پەیوەندیە فراوان و كاریگەرەكانی بخاتە گەر لە پێناوی ئاشتی و ئارامی و گەشەسەند بۆ عیراق بە تایبەت و ناوچەكە بە گشتی 

تەوەرێكی گرنگی دیكەی كۆبوونەوەكە، ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەرۆك ترەمپ و بافڵ جەلال تاڵەبانی بوو، كە تیایدا سەرۆك ترەمپ بەرچاو ڕوونیداوە لە ئامانجەكانی ئەمەریكا لەم جەنگەدا.


هەروەها سوپاسی ڕۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد لە عێراقدا. لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە سەرۆك ترامپ دەرفەتێكی پێشكەش كرد بۆ تێگەیشتن لە ئامانجەكانی ئەمریكا و گفتوگۆكردن لەسەر پشتگیری هاوبەش بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەكی بەهێزی لە نێوان ئەمریكا و عێراق. 

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 
3ی ئازاری 2026

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن