مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داواكاری هەیە

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 665

راچڵەكین-

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستە دۆخی چەقبەستووی ناوخۆی هەرێم و ئینجا كوردستان لەگەڵ بەغدا تێپەڕێنین و خۆمان بۆ ئەركەكانی داهاتوو ئامادە بكەین.  

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان دژی رژێمی بەعسی ڕووخاو، پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەرهەمی ڕاپەڕینی مەزن حوكمڕانییەكی درێژخایانی جێی شانازی كوردستانییە كە سەرەڕای هەموو بەربەستەكانی بەردەمی، ئەزموونێكە پڕ دەستكەوت و هیوایەكە بۆ دواڕۆژێكی رووناكتر بۆ هەرێمەكەمان، لەسەر بنچینەی ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوەكەی و تەواوكردنی ئەركەكانی چاكسازی و پەرەپێدانی دامەزراوەكانی لەسەرتاسەری وڵاتێكی دیموكرات و فیدرالیدا.

 مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێویستیان بەوەیە بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی كوردانەی سەرەتای راپەڕینەوە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ هەرچی زیاتر دوور خستنەوەی مەترسیەكانی ئەم شەڕە و پاراستنی وڵات و گەلی كوردە:" بێگومان ئەمەش هەر لە ڕێی سیاسەتێكی نیشتمانیی یەكڕیز و یەك گوتاری كوردستانییەوە دەبێت، بەجۆرێك دۆخی چەقبەستووی ناوخۆی هەرێم و ئینجا كوردستان لەگەڵ بەغدا تێپەڕێنین و خۆمان بۆ ئەركەكانی داهاتوو ئامادە بكەین. "

پەیامی مەكتەبی سیاسی
 بەبۆنەی یادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەوە
لە یادی سیو پێنجەمین ساڵرۆژی راپەڕینە مێژوویەكەی گەلەكەماندا كە لە پێنجی ئاداری ساڵی 1991 لە دەروازەی ڕاپەڕینەوە چەخماخەیدا و لە زەماوەندی سلێمانی و  هەولێر و دهۆك تا لە كەركوكی قودسی كوردستان تاجی سەركەوتنی لەسەرنا، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی گشت چین و توێژەكانی گەلەكەمان دەكەین كە لەگەڵ شانەكانی رێكخستنی یەكێتی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی جوامێرانەیان لە راماڵینی رژێمی دیكتاتۆری بەعس و سەرخستنی ڕاپەڕین گێڕا. 
 بەرهەمی ڕاپەڕینی مەزن حوكمڕانییەكی درێژخایانی جێی شانازی كوردستانییە كە سەرەڕای هەموو بەربەستەكانی بەردەمی، ئەزموونێكە پڕ دەستكەوت و هیوایەكە بۆ دواڕۆژێكی رووناكتر بۆ هەرێمەكەمان، لەسەر بنچینەی ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوەكەی و تەواوكردنی ئەركەكانی چاكسازی و پەرەپێدانی دامەزراوەكانی لەسەرتاسەری وڵاتێكی دیموكرات و فیدرالیدا.
 ئەمساڵ كە یادی ئەم بۆنە مێژووییە نیشتمانی و نەتەوەییە دەكەینەوە، لەپاڵ چاوەڕوانی تەواوكردنی ئیستحقاقە دەستورییەكانی شەراكەت و هاوسەنگی لە حوكمڕانی عیراقدا، جەنگێكی قورسی دژوار ناوچەكەمانی گرتۆتەوە كە هێشتا ئاسۆی نیشتنەوەی دیار نییە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێویستمان بەوەیە بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی كوردانەی سەرەتای راپەڕینەوە هەوڵەكان چڕ بكەینەوە بۆ هەرچی زیاتر دوور خستنەوەی مەترسیەكانی ئەم شەڕە و پاراستنی وڵات و گەلەكەمان. بێگومان ئەمەش هەر لە ڕێی سیاسەتێكی نیشتمانیی یەكڕیز و یەك گوتاری كوردستانییەوە دەبێت، بەجۆرێك دۆخی چەقبەستووی ناوخۆی هەرێم و ئینجا كوردستان لەگەڵ بەغدا تێپەڕێنین و خۆمان بۆ ئەركەكانی داهاتوو ئامادە بكەین. 
بەرز و شكۆدار بێت ساڵیادی راپەرین، درود بۆ گیانی پاكی گشت ئەو شەهیدانەی خوێنی خۆیان كردە خەڵاتی سەركەوتنی راپەڕین.
كوردستان هەمیشە پارێزراو و پایەدار بێت.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن