راچڵەكین -
دەزگای ئاسایشی هەرێم چەند رێنماییەكی پێویست بۆ دەزگاكانی راگەیاندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەكاتی رووماڵی رووداوەكان بڵاودەكاتەوەو داوایان لێدەكات وتەبێژی دەزگای ئاسایش بە تاكە سەرچاوەی راست و دروست بزانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر رووداوەكان.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 4-3-2026 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەروماڵی هاوڵاتییان و گیانی رۆژنامەنووسان، ئەم رێنماییانە بە پێویست دەزانین كە راگەیاندنەكان لەكاتی رووماڵی رووداوەكانی ئەم ماوەیەدا رەچاوی بكەن.
١- بەهیچ جۆرێك تیمی میدیایی دەزگاكانی راگەیاندن لە كاتی رووداوە ئەمنییەكاندا بەبی مۆڵەت وەرگرتن لە ده زگای ئاسایش لە شوێنی رووداوەكان نزیك نەبنەوە و لە نزیكەوە ڤیدیۆی شوێنەكان بڵاونەكەنەوە.
٢- پەیامنێر و دەزگاكانی راگەیاندن لەكاتی گواستنەوەی زانیارییەكاندا لەسەر رووداوەكان پێش دەزگا ئەمنیەكان نەكەون و تەنها ئەو زانیارییانە بڵاوبكەنەوە كە لەسەرچاوەی فەرمییەوە لە دەزگا ئەمنییەكان دەستیان دەكەوێت.
٣- پەلە نەكەن لە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی كە بۆردوومانكراوە تا ئەو كاتەی لەلایەن لایەنە ئەمنییەكانەوە زانیاری فەرمی بڵاودەكرێتەوە.
٤- دەزگاكانی راگەیاندن خۆیان بە دووربگرن لەو جۆرە هەواڵانەی كە ناراستن و ترس و دڵەراوكێی لەناو بازاڕ و هاوڵاتییاندا دروست دەكەن، هەروەها خۆیان لە بڵاوكردنەوەی ئەو زانیاری و هەواڵانە بپارێزن كە لە میدیا بیانییەكانەوە بڵاوبووەتەوە و حاڵەتی پڕوپاگەندەیان هەیە و دژە بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان.
٥- هەرێمی كوردستان لەم جەنگ و ئاڵۆزییەدا بێ لایەنە و نابێتە بەشێك لەم جەنگە، هەربۆیە لە بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و راپۆرت و زانیارییەك كە ناكۆكە لەگەڵ ئەم بێ لایەنییە خۆیان بپارێزن.
٦- بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادرێت ڕیکۆردی کامێراکانی چاودێری ماڵان و شوێنە گشتییەکان بەمەبەستی بڵاوکردنەوە بەکاربهێنرێت لەکاتی ڕووداوەکاندا لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیادا.
٧- وتەبێژی دەزگاى ئاسایش بە تاکە سەرچاوەی ڕاست و دروست بزانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ڕووداوەکان.