ناوەڕۆكی پەیوەندییەكەی نێچیرڤان بارزانی و عەباس عیراقچی ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 256

راچڵەكین -

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێدەگات و هەردوولا جەخت لە رێگریكردن لە هەر هەوڵێك دەكەن بۆ تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە و ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخەكە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4-3-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە سەید عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە پەیوەندییەكەدا، وێڕای باسكردنی پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، دوایین پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی تاوتوێ كران. لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری كردەوە.

هەروەها هەردوولا داكۆكییان لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان كردەوە، بە شێوەیەك كە ڕێگری لە هەر هەوڵێك بكرێت بۆ تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە و ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخەكە.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە ململانێكان و وەك هەمیشە فاكتەری ئارامی دەبێت، هەروەها پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەكان دەكات بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی شەڕ لە گەلانی ناوچەكە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن