وێنەكە لەڕێی زیرەكی دەستكرد دروستكراوە
راچڵەكین-
بەبڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، مستەفا سەنەد سەرۆكی فراكسیۆنی (مژدەبێ عيراق) لە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنەكە دوور دەخرێتەوە تا ئەو كاتەی بەفەرمی داوای لێبوردن دەكات لەبەرامبەر ئەو هێرشەی كردییە سەر بەها ئەعرەجی، سەرۆكی فراكسیۆنی (ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان) كەلەلایەن محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكایەتی دەكرێـت.
شەوی ڕابردوو لەكاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنێكی نهێنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەسەرۆكایەتی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە بۆ تاوتوێكردنی ئەو بارودۆخەی ئێستا لەناوچەكە هەیە بەهۆی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل كە تیایدا ژمارەیەك لەبەرپرسانی باڵای سەربازی عیراق ئامادەی بوون، گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی شیعە دروستبوو بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە پشتيوانیان لە ئێران دەكرد.
لەنێو ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەدا دەمەقاڵەی توند لەنێوان مستەفا سەنەد سەرۆكی فراكسیۆنی (مژدەبێ عیراق) و بەها ئەعرەجی، سەرۆكی فراكسیۆنی (ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان) ڕوویدا، بەجۆرێك بەووتەی چەند پەرلەمانتارێكی ئامادەبوو كار گەیشتووەتە ئەوەی سەنەد، زللەیەكی توند بدات لە ئەعرەجی، ئەوەش وایكرد، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوێستی فەرمی نیشانبدات.
بەگوێرەی نووسراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران كە واژۆی هەیبەت حەلبوسی لەسەرە، مستەفا سەنەد لە چالاكییەكانی ئەنجوومەنەكە رادەگیرێت تائەوكاتەی بەفەرمی داوای لێبوردن لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەو پەرلەمانتارە دەكات كە هێرشیكردوەتە سەر، ئەویش سەرۆكی فراكسیۆنی (ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان) ە.
هاوكات لە نوسراوەكەدا هاتووە، مستەفا سەنەد ڕەوانەی لیژنەی رەفتاری پەرلەمانیی دەكرێت بەهۆی ئەو پێشێلكارییە گەورەیەی بەرامبەر بە بنەماكانی رەفتاری پەرلەمانیی ئەنجامی داوە.