راچڵەكین
وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، گوژمەیەكی تری پارەی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كرد.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 8ی ئاداری 2026 وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 365 ملیار دیناری وەك بەشێكی تر لەپارەی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران، ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كرد.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 5ی ئادار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بڕی 274 ملیار و 962 ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەكو بەشێك لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە بریتییە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان، سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی، خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق."
بەو پێیەش بێت تائێستا بەغداد بڕی 639 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران، ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە، لەكاتێكدا بۆ دابەشكردنی مووچە، بڕی زیاتر لە 950 ملیار دینار پێویستە، چاوەڕێش دەكرێت سبەینێ دووشەممە 9ی ئادار، گوژمەی كۆتایی پارەی مووچە لەبەغدادەوە ڕەوانە بكرێت.
پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندبوو، لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران، راستەوخۆ لیستی مووچە رادەگەیەنن و لەماوەی سێ رۆژدا دابەشی دەكەن.