بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
راچڵەكین -
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت: ناوی هەندێك لەو كەس و لایەنانەمان داوەتە بەغداد، كە هێرشەكان ئەنجام دەدەن و چاوەڕوانیشی بەغدا هەنگاوی جددی بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بنێت.
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو پەیامەیدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 8-3-2026 بڵاویكردەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، لە دوای قسەكانی سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆككۆماری ئیران، چاوەڕوانین ئاڵۆزییەكان لە هەرێمی كوردستان دووربخرێنەوە.
دەقی پەیامەكە:
هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان
هەرێمی كوردستان چەند شەوێكی ناخۆشی بەڕێكرد، سوپاستان دەكەین بۆ خۆڕاگری و تێگەیشتنتان لە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكەمانی پێدا تێدەپەڕێت، هەر ئەوەش چاوەڕێ دەكرێت لە خەڵكە ئازا و خۆشەویستەكەمان.
ئێمە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەكانمان خستووەتەگەڕ، لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەركردەكانی ئێران، ئەمریكا و توركیا قسەمان كردووە بەمەبەستی پاراستنی كوردستان لەم بارودۆخە.
لە دوای قسەكانی سەرۆك ترەمپ و سەرۆك پزیشكییان چاوەڕوانین كە ئاڵۆزییەكان لە هەرێمی كوردستان دووربخرێنەوە.
ئێمە ناوی هەندێك لەو كەس و لایەنانەمان داوەتە بەغداد، كە هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان، چاوەڕوانی بەغدادین كە هەنگاوی جددی بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بنێت، من دەزانم هاوڕێكانمان لە بەغداد هەموو هەوڵێكی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەرگرتن لە ئاڵۆزی زیاتر، بەڵام ئەگەر رێكار نەگیرایە بەر، ئەوا ئێمە خۆمان مامەڵەی لەگەڵ دەكەین.
عێراق وڵاتێكی خاوەن شارستانیی مەزن و مێژوویەكی تایبەتە، دەبێت هەموو هەوڵە شارستانییەكانیش بۆ سەقامگیری و ئاشتی هەر لەم ناوچەیەوە بن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان