ئەردۆغان بۆ پزیشكیان: بەزاندنی ئاسمانی توركیا هیچ پاساوێك هەڵناگرێت

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 158


راچڵەكین-

سەرۆككۆماری توركیا لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی جەختی لەوەكردووە، پێشێلكردنی ئاسمانی وڵاتەكەی هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.

سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026 ئەنجامدراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان هۆشداری ئەوەی بە مەسعود پزیشكیان داوە كەبە ئامانجگرتنی وڵاتانی ناوچەكە لەلایەن ئێران خزمەتی بەرژەوەندی هیچ لایەك ناكات.

ئەردۆغان هەروەها جەختی لەوەكردووە، توركیا كار دەكات بۆ كردنەوەی كەناڵی دبلۆماسی تایبەت بەمەبەستی كۆتایی هێنان بەجەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، پێشتر هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بە عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی راگەیاندبوو، بەزاندنی ئاسمانی توركیا بە مووشەكی بالیستی ئێرانی جێی قبوڵكردن نییە.

لەسەرەتای دەستپپێكردنی گەڕی دووەمی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل لە 28ی شوباتی ئەمساڵ، دوو جار مووشەكی بالیستی ئێرانی ئاسمانی توركیای بەزاندووەو هەردوو جارەكەش لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی ناتۆوە تەقێندراوەتەوە.

 

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن