راچڵەكین -
لە 35ەمین ساڵیادی ڕاپەرینی شاری هەولێر، لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێك بڵاودەكاتەو رایدەگەیەنێت: 35 ساڵ پێش ئێستا بەسەرپەرشتی جەنابی كاك كۆسرەت، بە بروسكەی (لە باوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، لێتانەوە نزیكین دەستبەكاربن) بە هاوكاری خەڵكی راپەڕیوی شاری هەولێر و رێكخستنە نهێنییەكان و شانە چەكدارەكان، هەولێر ئازاد كرا و لە رژێمی بەعس پاككرایەوە و لەبەردەم قەڵا و پارێزگای هەولێر سەركەوتن راگەیاندرا.
لە بەشێكی پەیامەكەدا هاتووە، وەك یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دووپاتی دەكەینەوە كە خۆمان بە خزمەتكاری خەڵكەكەی دەزانین، تێدەكۆشین بۆ خزمەتكردنیان بەبێ جیاوازی، هەموو لایەكیش ئاشنان بەوەی كە هەولێرییەكان هەمیشە وەفادار و خاوەن هەڵوێستی خۆیانن.
دەقی پەیامەكە:
جەماوەری قارەمان و تێكۆشەری هەولێر
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكان و زیندانیانی سیاسی و تێكۆشەرانی دێرین
ژنان و گەنجان و لاوان
ساڵیادی رزگاركردنی شاری هەولێر، شاری قەڵاو منارە، لە هەولێرییەكان پیرۆز دەكەم، ئەو رۆژە مێژووییە دەبێ بكەینە كەرنەڤاڵێكی گرنگ بۆ پاراستنی یەكریزیی و یەك خیتابیی ناو ماڵی كورد، چونكە ڕاپەرین بەرهەمی یەكڕیزیمان بوو لەژێر سایەی بەرەی كوردستانی.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوێ رۆژێ بە رابەرایەتی سەرۆك مام جەلال ئەو رۆژەی دانابوو كە دەبێ كوردستان ئازاد بێت و حوكمی خۆ بەخۆی بكرێت، كە ئەو راپەڕینە بووە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی دامەزراوە شەرعییەكانی پەرلەمان و حكومەت، ئێستاش یەكێتیی بەسەرۆكایەتی بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پارێزەری ئەو دەستكەوتانەیەو گەشەی پێدەدات.
٣٥ ساڵ پێش ئێستا بەسەرپەرشتی جەنابی كاك كۆسرەت، بە بروسكەی (لە باوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، لێتانەوە نزیكین دەستبەكاربن) بە هاوكاری خەڵكی راپەڕیوی شاری هەولێر و رێكخستنە نهێنییەكان و شانە چەكدارەكان، هەولێر ئازاد كرا و لە رژێمی بەعس پاككرایەوە و لەبەردەم قەڵا و پارێزگای هەولێر سەركەوتن راگەیاندرا.
تێكۆشەران
هەولێر و هەولێرییەكان وەك هەمیشە قارەمانانە و سەربەرزانە چۆكیان بە دوژمن داداوە، لەو رۆژە پیرۆزەدا وەك یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دووپاتی دەكەینەوە كە خۆمان بە خزمەتكاری خەڵكەكەی دەزانین، تێدەكۆشین بۆ خزمەتكردنیان بەبێ جیاوازی، هەموو لایەكیش ئاشنان بەوەی كە هەولێرییەكان هەمیشە وەفادار و خاوەن هەڵوێستی خۆیانن.
دووبارە پیرۆز بێت رۆژی راپەڕینی شاری هەولێر، سەری رێز و نەوازشیش دادەنوێنم بۆ شەهیدانی راپەڕین و ئازادیی خەڵكی هەولێر.
رێباز بێركۆتی
ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێر
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان