راچڵەكین -
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 10-3-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆكی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتوو ئەنجامدا.
سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نێچیرڤان بارزانی بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی كرد كە شەوی ڕابردوو لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەكانی عێراقەوە كرایە سەر شاری هەولێر و تیایدا كونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان بە ئامانج گیرا و زیانی بەركەوت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاریەتیی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان جێبەجێ بكات و هەنگاوی جددی بنێت بۆ ڕێگریكردن لەو گرووپانە و دەستگیركردن و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تێكدەرانە كە مەترسییەكی ڕاستەقینەن بۆ سەر سەروەری و سەقامگیریی عێراق بەگشتی.
لای خۆیەوە، شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سوپاسی پەیوەندی و هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی كرد و جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی دەوڵەتی ئیمارات بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق كردەوە.