راچڵەكین-
دەرباز كۆسرەت ڕەسول، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی لە 35 هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەری شاری هەولێر لەدژی رژێمی بەعسی ڕووخاو لە 11ی ئازاری 1991 بڵاو كردەوە.
وێستگە گرنگەكانی مێژووی هەر گەل و نەتەوەیەك بە رووداوێكی یەكلاكەرەوەدا تێدەپەرێت، ئەمڕۆ سی و پێنج ساڵ بەسەر یەكێك لە گرنگترین ساتە پڕ سەروەریەكانی مێژووی گەلی كورددا تێدەپەرێت، ئەو كاتەی هەولێرییەكان پێكەوە دەستیان خستە ناودەستی یەك و هاوشانی شۆرشگێران زاڵم و ستەمكارانیان شاربەدەركرد.
دەرباز كۆسرەت ڕەسول لە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی ئەو رۆژدا دەڵێت، وێنەكانی ساتی یەكەمی ١١ی ئازاری ١٩٩١ لە مێژوودا هەمیشە بە زیندوویی و درەوشاوەیی دەمێنێتەوە كاتێك پێشمەرگەكانی كاك كۆسرەت و شانە چەكدارەكانی شار تێكەڵی تەقینەوەی جەماوەریی و توڕەیی هەولێرییەكان بوون، هێزێك لەم یەكگرتنە دروست بوو كە خوێنڕێژترین ستەمكاری سەردەم نەیتوانی بەرگەی بگرێت. هەموومان بیرمانە كاكی كاكان لەم رۆژە پڕ شكۆیەدا لەرێگەی بانگەوازەكانی چ هێزو خرۆشێكی بەهەولێرییەكان بەخشی، هەمووان پێكڕا رژانە سەر شەقامەكان و بەدەستی خۆیان مێژوویان نوسییەوە.
"هەمان ئیرادەی مێژوو دروستكەر، بە ووزەیەكی پڕ لە دڵسۆزییەوە ئەو بۆشاییە كارگێرییەی پڕكردەوە كە لەلایەن حكومەتی ئەوسای عێراق دروستكرابوو، ئەمە بووە خاڵی وەچەرخان بۆ دروستبوونی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، هەر ئەم جۆش و خرۆشە بێ وێنەیەش هەولێری كردە پایتەختی هەرێمی كوردستان. "
دەرباز كۆسرەت ڕەسول، لەبەشێكی تری پەیامەكەدا بەپێویستی دەزانێت خەڵكی كوردستان كە دامەزرێنەری ئەم كیانە پڕ سەروەرییەن، شایەنی ئەوەن سەربەرزبن و لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا بژین، خزمەتكردنیان دەبێ ببێتە ئەركی لەپێشینەی هەر هەموومان. لەهەمان كاتدا جەخت لەوە دەكات نابێت لەم یادەدا شەهیدان لەبیر بكرێن:"سەری رێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاری كوردستان بە گشتی و شەهیدانی راپەرین بەتایبەت دادەنەوێنین."