راچڵەكین-
كۆسرەت ڕەسول عەلی، دەڵێت، یەكێك لەشانازییەكانی ژیانی ئەوەیە، 35 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئازادكردنی هەولێری پێ سپێردراوە.
لە 35 هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵكی هەولێر، دژی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی بەعسی ڕووخاو، كۆسرەت ڕەسول عەلی پەیامێكی بڵاوكردەوە، تیایدا ساڵیادی راپەڕین و ئازادكردنی هەولێر لە تەواوی كوردستانیان بەگشتی و خەڵكی تێكۆشەرو قارەمانی هەولێر پیرۆز دەكات و خوازیارە ئەم یادە ببێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ گەلی كوردو بكرێتە دەرفەتێك بۆ یەكڕیزی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان.
كۆسرەت ڕەسول عەلی ، لەگێڕانەوەی ڕاپەڕینی خەڵكی هەولێردا دەڵێت:" یەكێك لە گەورەترین شانازییەكانی ژیانمە، (٣٥) ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئازادكردنی هەولێرمان پێ سپێردرا، هەر ئەوسا لە قاسمەڕەشەوە بەپلانێكی ورد، بە بەشداری رێكخستنە نهێنییەكان و شانەچەكدارەكان و هێزو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی راپەڕیوی هەولێر بە بەشداری راستەوخۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گەیشتینە هەولێرو شانبەشانی خەڵكەكەی خۆمان لە هەولێر توانیمان لە كەمترین كاتدا هەولێر پاك بكەینەوەو سەرجەم دام و دەزگاكانی بەعس كۆنتڕۆڵ بكەین، سەركەوتووانە و سەربەرزانە پلانەكەمان جێبەجێ كردو لەبەردەم قەڵای دێرین و سەركەشی هەولێر ئاهەنگی سەركەوتنمان گێڕا."
كۆسرەت ڕەسول عەلی ، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ناوچەكە، بەئەركی هێزو لایەنە سیاسییەكانی دەزانێت بەرامبەر خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی تێكۆشەران و پاراستنی ئەزموونی گەلی كوردستان، یەكدەنگ بن و بەرۆحی ئەوێ رۆژێی بەرەی كوردستانی كاربكەن بۆ پاراستنی ئەزموونەكە و درێژەدان بەخەبات تا گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەكانی گەلی كوردستان.