رووسیا زەبرێكی گەورە لە سوپای ئۆكراینا دەوەشێنێت

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 250

راچڵەكین -

سوپای رووسیا پێشڕەوییەكانی بە ئاڕاستەی باكووری رۆژهەڵاتی ئۆكراینا چڕدەكاتەوەو ناوچەیەكی دیكەی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكات، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا زیاتر لە هەزار و 370 سەربازی ئۆكراینی كوژراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11-3-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاكردەوە، هێزەكانیان توانیوانە شارۆچكەیەك لە هەرێمی سومی لە باكووری رۆژهەڵاتی ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكەن و لە پێشڕەویكردن بە ئاڕاستەی كۆنترۆڵكردنی تەواوی ئەو ناوچەیە بەردەوامن.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لەماوەی 24 رابردوودا، هەزار و 372 سەربازی ئۆكراینی و چەكداری كرێگرتەی بیانی لە سەرجەم بەرەكانی جەنگدا كوژراون، هاوكات دەیان تانك و زرێپۆش و سەكۆی مووشەكی سوپای ئۆكراینا و چەندین كۆگای عەمباركردنی سووتەمەنیش لەناوبراون.

بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای رووسیا، كە لەسەرەتای ئەم مانگەوە تائێستا چەندین شارۆچكە و ناوچەی گرنگ و ستراتیجییان لە ئۆكراینا كۆنترۆڵكردووە، لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی پلانە سەربازییەكانیان دەكات كە بریتییە لە كۆنترۆڵكردنی خاكی زیاتری ئۆكراینا و ناچاركردنی بە قبوڵكردنی مەرجەكانی بۆ راگرتنی شەڕ و واژۆكردنی رێكەوتننامەی ئاشتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن