راچڵەكین -
پەرلەمانی رۆمانیان رەزامەندی لەسەر داوایەكی ئەمریكا دەربڕی بۆ بڵاوكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی لەسەر خاكی وڵاتەكەی و جێگیركردنی فڕۆكەی جەنگی لەناو بنكەیەكی ئاسمانیی رۆمانیا لە كەناراوەكانی دەریای رەش.
میدیاكانی رۆمانیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 11-3-2026، پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لە دانیشتنێكی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزیدا، بە زۆرینەی دەنگ داوایەكی سەرۆكی وڵاتەكەی پەسەند كرد بۆ جێگیركردن و بڵاوكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی ئەو وڵاتە.
داواكارییەكەی سەرۆكی رۆمانیا بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی، لەسەر داوایەكی فەرمیی ئەمریكا بوو، كە پێشتر ئاڕاستەی كردبوو بەمەبەستی رەزامەندی دەبڕین لەسەر جێگیركردنی هێزێكی گەورەی سەربازیی ئەمریكا لەچەند بنكەیەكی ئاسمانیی رۆمانیا لەسەر كەناراوەكانی دەریای رەش.
لەكاتی دەنگدان لەسەر داواكارییەكە، ئەندامانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە فیكەلێدان ویستیان پرۆسەكە پەكبخەن و بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، بەڵام دواجار بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕێندرا.
جۆرج سیمیۆن، سەرۆكی هاوپەیمانیی لەپێناو یەكێتیی رۆمانییەكان، كە گەورەترین لایەنی ئۆپۆزسیۆنی رۆمانیایە، ناڕەزایی توندی دەربڕی بەرامبەر هێنانی هێزی سەربازیی ئەمریكا و جێگیركردنی لە بنكە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی و رایگەیاند: ئەم كارە دەبێتە هۆی پەلكێشكردنی وڵاتەكەمان بۆ جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی كە هیچ سوودێك بە رۆمانیا ناگەیەنێت و لە دوورمەودا دەبێتە هۆی ماڵوێرانی بۆ گەل و وڵاتەكەمان.