راچڵەكین-
زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانیدا بۆسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبارو كەركوك، كوژرانی زیاتر لە 30 چەكداری حەشدو برینداربوونی دەیانی تری لێكەوتەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی عیراق رایگەیاندووە، یەكێك لەهێرشەكان، بارەگای لیوای 19ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عوكازات-ی سەر بە شارۆچكەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە زیاتر لە 25 چەكدار كوژراون و 15ی تر برینداربوون.
ئەو بارەگایەی حەشد كە لەئەنبار كراوەتە ئامانج، چەكدارانی بزووتنەوەی (ئەنساروڵڵا ئەلئەوفیا) تێدابووە، ئەو گرووپەش لە 2024 وە لەلایەن ئەمریكا، وەك " گروپێكی تیرۆرست" ناسێنراون بەتۆمەتی ئەوەی چەندین هێرشیان بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ئوردن و سوریا ئەنجامداوە.
هاوكات هەر ئەمڕۆ بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە كەركوك لەهێرشێكی ئاسمانیدا كرایە ئامانج، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان، لەو هێرشەدا لانی كەم چوار چەكداری حەشد كوژراون و نزیكەی 10ی تر برینداربوون.