راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی خەرجنەكردنی مووچەی مانگی شوباتی 801 كەمئەندامی سەنگەر، دەڵێت، بەهۆی تەواو نەبوون و پەسەند نەكردنی دۆسیەكانیان نەتوانراوە لەمانگی شوباتدا داخڵی لیستی مووچە بكرێنەوە. هاوكات ئاماژەی بەوەكردووە:" زیادكردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین یان هەر مووچەخۆرێك لە لیستی مووچەی مانگانە پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمەوە نییە، بەڵكوو ئەو ڕێكارە پەیوەستە بەوەزارەت و یەكە ژمێریاریەكانی دەرەوەی وەزارەتی داراییەوە."
وەزارەتی دارایی و ئابووری لەڕوونكردنەوەكەیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو خانەنشینانە كە ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوبات نییە ژمارەیان لە ٨٠١ كەسە و كەمئەندامی سەنگەرن كە پێشتر لەسەر هێزەكانی ٧٠ مووچەیان بۆ خەرج كراوە، لەچوارچێوەی بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی، بەهۆی تەواو نەبوون و پەسەند نەكردنی دۆسیەكانیان نەتوانراوە لەمانگی شوباتدا داخڵی لیستی مووچە بكرێنەوە، كاتێك لیستی مووچە و دۆسیەكانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی شوبات لەبەغداد بووە.
"لەكاتی وردبینی لە دۆسیەی ئەو خانەنشینانە دەركەوتووە بەشێكی زۆریان ( upn ) یان نەبووە و بەشێكیشیان وارسن و مامەڵەی وارسیان بۆ نەكرابوو، دوای ئەنجامدانی وردبینی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە ( ٧٥٠ ) خانەنشینیان دۆسیەكانیان پەسەند كراوە و لەلیستی مووچەی مانگی ئازار لەسیستەمی پەیڕۆڵ داخڵ كراونەتەوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە، هەر مووچەخۆرێكیش ( upn ) ی نەبێت ناتوانرێت داخڵی سیستەمی پەیڕۆڵ بكرێت كە لە ئێستادا لیستی مووچە بەو سیستەمە ئامادە دەكرێت." وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم دەڵێت، ئەو خانەنشینانەی دەدات لە چەند مانگی ڕابردوو مووچەكانیان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە خەرج نەكراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دڵنیایی داوە كە ئەو مووچانە وەك شایستەیەك دەمێنێتەوە تا كاتی پەسەندكردنی بوودجە و دواتر هەمووی بەسەریەكەوە خەرج دەكرێتەوە، لە بەرئەوەی لە ئێستادا بوودجە پەسەند نەكراوە و مانگانە تەنها كار بەخەرج كردنی یەك لەسەر دوازدەی ساڵی ڕابردوو دەكرێت.