ئیتاڵیا بەڵێنێك بە عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 324

راچڵەكین - 

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵێن دەدات وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك لە پشتگیری و هاوكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەكان.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-3-2026،  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تیانی، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، لە پەوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە و كاریگەری و لێكەوتەكانی شەڕ بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و جیهان تاوتوێ كرا.

نێچیرڤان بارزانی بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشەی كرد كە شەوی ڕابردوو كرایە سەر بنكەی سەربازیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان. هەروەها دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتیی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان جێبەجێ بكات و ڕێگە نەدات چیتر گرووپە لەیاسادەرچووەكان، ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی وڵات بخەنە مەترسییەوە.

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا وێڕای سەركۆنەكردنی هێرشەكە، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك لە پشتگیری و هاوكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەكان، هەروەها برەو بە هاریكاریی هاوبەشیان دەدەن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ ئیتاڵیا دەربڕی بۆ ئەو پشتگیری و هاوكارییە بەردەوامانەی پێشكەش بە هەرێمی كوردستانی دەكات و ڕۆڵی هێزەكانی ئەو وڵاتەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بەرز نرخاند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن