راچڵەكین -
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند رێنماییەك بڵاودەكاتەوەو داواش لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات پێوە پابەند بن، هۆشداریش دەدات هەر كەسێك ڤیدیۆی كەوتن یان ئاراستەكردنی درۆن بگرێت رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-3-2026 بڵاویكردووەتەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشكردوو، نزیكبوونەوە لەو شوێنانەی كراونەتە ئامانج، یان وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی دیمەنەكانیان، بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیاندراوێك لە فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە
ئاگاداری سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنی (ناوخۆیی و بیانی) و هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەینەوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ڕێگریكردن لە هەر لێكەوتەیەكی نەرێنی، پێویستە هەمووان پابەندی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بن:
یەكەم: هەر كەسێك ڤیدیۆی كەوتن یان ئاراستەكردنی درۆن بگرێت، با تەنیا بۆ ئەو ژمارانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە بنێردرێت.
+964 751 504 8007
+964 750 155 8788
+964 7502522728
چونكە بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە بدرێتە میدیاكان، یان لە پەیج و هەژماری كەسی بڵاوی بكاتەوە. بە پێچەوانەوە، سەرپێچیكار ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
دووەم: نزیكبوونەوە لەو شوێنانەی كراونەتە ئامانج، یان وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی دیمەنەكانیان، بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
سێیەم: دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە، مامەڵە بكەن و شوێنی ڕووداوەكان ئاشكرا نەكەن، هەر كەناڵێك پابەند نەبێت، ڕێكاری یاسایی توندی لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٢ی ئاداری ٢٠٢٦