راچڵەكین -
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، لە بانگەوازێكدا داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكات بەرژەوەندییە حزبییەكان وەلاوە بنێن و هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی فراوانی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە نزیكترین دەرفەتدا وەك زەروریەتێكی حەتمی قۆناغەكە بۆ پاراستنی سەروەریی و دەستكەوتەكانی كوردستان.
لەو بانگەوازەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-3-2026 بڵاویكردووەتەوە، محەمەد حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەشكردووە كە هەوڵ بۆ راگرتنی ئەو هێرشە ناڕەوایانە بدرێت كە لەسەر هەرێمی كوردستان دەكرێن لەلایەن ئەو لایەنانەی كە هەوڵ دەدەن خۆیان بخەنە ناو ململانێكە و خۆیان و وڵاتەكەیان دەخەنە ژێر مەترسی گەورە.
دەقی بانگەوازەكە:
بانگەوازێك بۆ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان
لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری بارودۆخەكە، كە شەڕێكی نەخوازراو لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر ناوچەكەدا سەپێنراوە و پێی ناوەتە دەیەی دووهەمی و تەواوی ناوچەكەی گرتووەتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
بۆ ئەوەی چیتر كوردستان نەبێتە مەیدانی شەڕێك كە شەڕی كورد نییە و ئاشكراشە كە توانای یاریكرنی لەنێوان ئەو وڵاتە زلهێزانەدا نییە، لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و میللەتەكەمان، داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەم كە بەرژەوەندییە حزبییەكان وەلاوە بنێن و هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی فراوانی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە نزیكترین دەرفەتدا وەك زەروریەتێكی حەتمی قۆناغەكە بۆ پاراستنی سەروەریی و دەستكەوتەكانی كوردستان.
هەروەها هەوڵدان بۆ راگرتنی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان دەكرێن لەلایەن ئەو لایەنانەی كە هەوڵ دەدەن خۆیان بخەنە ناو ململانێكە و خۆیان و وڵاتەكەیان دەخەنە ژێر مەترسی گەورە.
محەمەد حاجی مەحمود
۱٠ـی مارسی ۲٠۲٦
گوڵەخانە