لوبنان هەڵوێستی لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل ئاشكرا دەكات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 65

راچڵەكین -

حكومەتی لوبنان ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، سەرۆكی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: پێویستە شەڕ رابگیرێت بۆئەوەی دەرفەت لەبەردەم دانوستان بڕەخسێت.

ئەمڕۆ هەینی 13-3-2026، جۆزیف عەون، سەرۆككۆماری لوبنان رایگەیاند: ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سیاسی و كۆتایی هێنان بە شەڕ و ململانێكانی نێوان هەردوو وڵات.
 
سەرۆكی لوبنان ئاشكرایكرد، ئامانجیان لە دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، كۆتایی هێنانە بە داگیركردنی خاكی وڵاتەكەیان و كشانەوەی تەواوەتیی سوپای ئیسرائیلە لەباشووری لوبنان، هەروەها ئازادكردنی سەرجەم دیل و زیندانیكراوەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەكە، وتی:" بەڵام خواستی دانوستان و گەیشتن بە رێككەوتن، تاكلایەنە نابێت و دەبێ لایەنی بەرامبەریش هەمان خواست و ئامانجی هەبێت".

بەوتەی جۆزیف عەون، پێویستە هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان رابگیرێت، بۆئەوەی دەرفەت لەبەردەم دانوستان بڕەخسێت، رایگەیاند: بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان لەلایەن ئیسرائیلەوە پێنەگەیشتووە بۆ دەستپێكردنی دانوستان و ئەو وڵاتە بەردەوامە لە هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر وڵاتەكەمان.

ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆكی لوبنان هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشێكی گەورە و فراوانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری بەیروت و چەند ناوچەیەكی دیكەی لوبنان، كە گومان دەكرێت بنكە و بارەگای حزبوڵڵای لێبێتن بەرپرسانی ئیسرائیل جەختیان لەوە كردووەتەوە كە ئامانجیان لە هێرش و بۆردومانەكان، تەنها لەناوبردنی مەترسییەكانی حزبوڵڵایە و نایانەوێ هیچ زیانێك بە حكومەتی لوبنان و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بگەیەنن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن