ئاماری قوربانیانی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان بەرزدەبێتەوە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 71

راچڵەكین -

هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان بەردەوامە و تەنها ئەمڕۆ 24 كەس بەهۆی بۆردومانەكانەوە گیانیان لەدەستدا، بەمەش كۆی قوربانیانی ئەو وڵاتە لەسەرەتای هێرشەكانی ئیسرائیلەوە لە 2ی ئەم مانگەوە تا ئێستا، بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 630 كوژراو و بریندار بەرزبووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 14-3-2026، وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویكردەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تائێستا سوپای ئیسرایل چەندین هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر ناوچە جیاجیاكانی باشووری بەیروت و بەهۆیەوە 24 كەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون لەئەنجامی بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیلەوە خاپوور بوون و هەوڵەكانیش بەردەوامە بۆ بەهاناوەچوونی ئەو كەسانەی كە كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكان.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری بەیروت و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو وڵاتە، كە لە رۆژی 2ی ئەم مانگەوە تائێستا بەردەوامە، 776 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و 935 كەسی دیكەش بریندار بوون، كە ژمارەیەكی زۆریان ژن و منداڵن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن