راچڵەكین-
وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماژە بەوەدەكات، ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەناردەی نەوت لەڕێی بۆری نەوتی كوردستان، تەواو سیاسییەو هەڵوێستی حزبیی لەپشتەوەیە.
وەزارەتی نەوتی عیراق لەڕاگەیەندراوێكدا كە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026 بڵاویكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" پێویستە حكومەتی هەولێر پاشگەزبێتەوە لەبڕیاری ڕێگریكردن لەهەناردەی نەوت، ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی ئەوا حكومەتی فیدراڵ تەواوی ڕێوشوێنە یاساییەكان دەگرێتە بەر."
وەزارەتی نەوتی عیراق سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لەوەی بابەتی هەناردەی نەوتی بەستووەتەوە بەدۆسێی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كەلەتایبەتمەندی وەزارەتی داراییە، هەروەك بەستوویەتییەوە بە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا كەیەكێكە لە چەكەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دۆسێیەكی چاكسازیی گرنگەو بازرگانییەكی یاسایی و دراوی بیانی دابیندەكات بەبێ ساختەكاری و فڕت و فێڵ."
" ئەمڕۆ جارێكی تر حكومەتی هەولێر هەوڵەكانی بۆ پێشێلكردنی دەستوور بەتایبەت ماددەی (110)ی دووبارە كردەوە كە بەپێی ئەو ماددەیە مافی حكومەتی فیدراڵییە وێنەی سیاسەتی دارایی بكێشێت، هەروەك بەپێی ماددەی 111 ئەوە بەڕوونی ئاماژەی پێكراوە كە نەوت و غاز موڵكی سەرجەم گەلانی عیراقە لە هەرێم و پارێزگاكان) و پاڵپشتی كراوە بە بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (59/ فیدراڵی/2012)." وەزارەتی نەوت عیراق وا دەڵێت.
وەزارەتی نەوتی عیراق ئەوەی ڕوونكردووەتەوە:" قۆستنەوەی ئەم بارودۆخە ناهەموارە كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت و كاركردن بۆ رێگریكردن نەوت لەڕێی بۆری نەوتی كەركوك- جەیهان، لەلایەن حكومەتی هەولێر، سەركێشییەكی گەورەو نا بەرپرسانەیە بەبەرژەوەندییەكانی عیراقییەكان لەنێویاندا رۆڵەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق."