حـ.زبوڵڵای لوبنانی چەند مەرجێك بۆ راگرتنی شەڕ ئاشكرا دەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 375

راچڵەكین -

حزبوڵڵای لوبنانی مەرجەكانی بۆ راگرتنی شەڕ لەدژی ئیسرائیل ئاشكرادەكات، ئەمینداری ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت: دەبێ سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانە بكشێتەوە كە داگیری كردوون و سەرجەم دیلەكانیش ئازاد بكات.

ئەمڕۆ سێشەممە 17-3-2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی لە پەیامێكدا كە ئاڕاستەی ئەندامانی حزبەكەی كرد، رایگەیاند: بەرگریكردنمان لە خاك و وڵاتەكەمان مافێكی رەوایە دژ بە هێزێكی داگیركەر كە بەناڕەوا وڵاتەكەكەمان بۆردومان دەكات و بەشێكی خاكەكەشمانی داگیركردووە.

ئەمینداری حزبوڵڵا وتیشی:" راگرتنی شەڕ و بەرقەراركردنی ئاشتی پەیوەستە بە جێكردنی چەند مەرجێك لەلایەن ئیسرائیلەوە، كە بریتین لە راگرتنی هێرش و بۆردومانەكان و كشانەوەیان لە خاكی باشووری لوبنان و ئازادكردنی سەرجەم دیلەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر ماڵ و حاڵیان".

نەعیم قاسم جەختی لەوەكردەوە كە بەبێ جێبەجێكردنی ئەو چوار مەرجە، بەرگریی چەكدارانی حزبوڵڵا لەدژی ئیسرائیل بەردەوام دەبیت و یەكلاییكردنەوەی جەنگەكەش لەسەر زەوی دەبێت. 

پەیامەكەی ئەمینداری حزبوڵڵای لوبنانی، هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان، كە لەرۆژی 2ی ئەم مانگەوە دەستی پێكردووە و بەهۆیەوە جگە لە كوژرانی سەدان كەس و برینداربوونی هەزارانی تر، سەدان هەزار كەسیش لە دانیشتووانی باشووری لوبنان و باشووری بەیروتی پایتەخت، لەترسی بۆردومانەكان ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی وڵاتەكەیان بوون. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن