راچڵەكین -
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لەكاردانەوەی هێرشەكەی ئەمشەو بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەكان كرد ئەنجامدەرانی هێرشەكە دەستگیر بكەن و رادەستی دادگایان بكەن.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمشەو جارێكی دیكە گروپە لەیاسا دەرچووەكان هێرشیان كردەوە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا، ئەم كردەوە تاوانكارییە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رەتدەكرێتەوە و بە هێرشێكی زەقی تیرۆریستی بۆسەر سەروەریی و شكۆی وڵات دادەنرێت.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەئامانجگرتنی بارەگای نێردە دیپلۆماسییەكان، كردەوەیەكی نابەرپرسیارانەیە و سەرپێچییەكی مەترسیداری رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندییەكانی دەرەوەیە، عیراقیش دەخاتە دۆخێكی رووگیرەوە بەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كە لەوانەیە رێكاری ئەوتۆی لێبكەوێتەوە كە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندییەكانی گەل و وڵاتەكەمان.
وەك كاردانەوەیەكیش بەرامبەر ئەو هێرشە، محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی بە دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەكان كرد سڵ نەكەنەوە لە راوەدوودانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە و رادەستكردنیان بە دادگا بۆئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
راگەیەندراوەكە جەختی لەوەكردووەتەوە كە عیراق دوودڵ نابێت لە بەرپەرچدانەوەی هەر لایەنێك كە بیەوێت یاریی بە ئاسایشی بەغدای پایتەخت و شارەكای دیكەی عیراق بكات، یان سوودی خراپ لە بوونی چەك لە دەرەوەی چوارچێوە دەوڵەت وەربگرێت.