راچڵەكین -
شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی بەغدا سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێم رەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركووك، هاوتا لەگەڵ نەوتی كێڵگەكانی هەرێم، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم - جەیهان.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیاندراوێك لە شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت
ئەمڕۆ، ١٧ی ئازاتی ٢٠٢٦، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی شەراكەتی دەستووریی و لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی، جەختی كردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستان بۆ گرتنەبەری هەر ڕێكار و هەنگاوێك كە ببێتە هۆی زیادكردنی داهاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای ناوچەكەدا، بە مەبەستی دابینكردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركووك، هاوتا لەگەڵ نەوتی كێڵگەكانی هەرێم، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم - جەیهان.
بۆ ئەم مەبەستە، هەردوو حكومەت ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەكی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم پێكبهێنن، بۆ دەستپێكردنی هەنگاوە تەكنیكیی و كارگێڕییە پێویستەكان، بە مەبەستی دەستپێكردنی هەناردەكردنی نەوت لە سبەینێوە بۆ بازاڕە جیهانییەكان لە ڕێگەی بۆری هەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەكراو بۆ گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ.
هەروەها، هەردوو لا ڕێككەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێكارییە ئاسایشییە پێویستەكان بۆ پاراستنی سەلامەتی كێڵگە نەوتییەكان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەكردنی نەوت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دووبارە جەخت دەكاتەوە كە درێغی ناكات لە گرتنەبەری هەر ڕێكارێكی پێویست بۆ هاوبەشیی و پشتیوانی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە داراییەكان لە سەرتاسەری عێراق، بە ئاڕاستەی دابینكردنی داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەكان و دابینكردنی مووچە، بژێوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان.
شاندی دانووستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٧ـی ئازاری ٢٠٢٦