راچڵەكین-
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، وردەكاری بەئامانجگرتنی بەرپرسانی ئێرانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا ئاماژە بە پەیوەندی تەلەفۆنی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ( مۆساد) بەبەرپرسانی ئێرانی كراوە.
بەگوێرەی رۆژنامە ئەمریكییەكە بێت، بەرپرسانی مۆساد بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەفەرماندە ئەمنی و سەربازییەكانی ئێرانەوە كردووەو هەڕەشەیان لەخۆیان و خێزانەكانیان كردووە " بەناوهێنانیان" ئەگەر بێتو لەكاتی سەرهەڵدانی خۆپیشانداندا دەستوەردان بكەن.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، ناوەڕۆكی یەكێك لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی دەسكەوتووە كە لەنێوان بریكارێكی مۆساد و فەرماندەیەكی باڵای پۆلیسی ئێران ئەنجامدراوە.
وەك لە تۆمارە دەنگییەكەدا هاتووە، بریكارەكەی مۆساد بە زمانی فارسی بەفەرماندەكەی ئێران دەڵێت:" گوێت لێمە؟ هەموو شتێك لەبارەی تۆوە دەزانین، ناوت لەلیستی ڕەشی ئێمەدایەو هەموو زانیارییەكی تۆمان لەبەردەستە."
فەرماندە ئێرانییەكەش لەوەڵامدا دەڵێت دەڵێت:" باشە"
دواتر بریكارەكەی مۆساد دەڵێت:" بۆیە پەیوەندیم پێوە كردوویت تا پێت بڵێم لەگەڵ گەلەكەتدا بوەستە، ئەگەر وا نەكەیت ئەوا چارەنووست وەك چارەنووسی سەركردەكەت دەبێت، گوێت لێمە؟
جارێكی تر فەرماندەكەی پۆلیسی ئێران دەڵێت:" براكەم سوێند دەخۆم، دوژمنی تۆ نین، من هەر دەمرم، تكا دەكەم وەرەو یارمەتیمان بدە."
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئەو گریمانانە پشتڕاست دەكەنەوە كە مۆساد توانیوویەتی بەفراوانی دزە بكاتە نێو ناوەندە هەستیارەكانی رژێمی ئێران، هەر ئەوەش وایكردووە شوێنی بەرپرسانی ئێران ئاشكرا بكات و بیانكاتە ئامانج.