راچڵەكین-
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشدار دەدات بەدەزگاكانی راگەیاندن لەبارەی بڵاوكردنەوەی نهێنی سەربازی و بڵاوكردنەوەی دیمەنی تێكشكاندنی درۆنەكان و وێنەگرتنی شوێنە بەئامانجگیراوەكان و دەڵێت هەر دەزگایەك پابەند نەبێت :" دەستبەجێ لە لایەن دژەتیرۆری كوردستانـەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەراگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئادار بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەم ڕێنمایی و هۆشدارییە كۆتاییانە ئاراستەی سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) دەكات:
یەكەم: بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەكی سەربازی كە خزمەت بە نەیارانی كوردستان بكات و زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
دووەم: وێنەگرتن یان بڵاوكردنەوەی دیمەنی تێكشاندنی درۆنەكان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەكانیان قەدەغەیە، چونكە زانیاریی تەكنیكی و مەیدانیی هەستیار دەدات بە دوژمن.
سێیەم: دەرخستنی شوێنە بەئامانجگیراوەكان یان وێنەگرتنی دامەزراوە سیادی و ئەمنییەكان دەستبەجێ دوای ڕووداوەكان قەدەغەیە.
چوارەم: هۆشداری دەدەین كە هەر دەزگایەكی ڕاگەیاندن پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت یان بە شێوازێكی ناپیشەیی ڕووماڵی هەواڵەكانی شەڕ و پەلامارەكان بكات، دەستبەجێ لە لایەن دژەتیرۆری كوردستانـەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە.
پێنجەم: بەرامبەر سەرپێچیكاران، ڕێكاری یاسایی و كارگێڕیی توند دەگیرێتە بەر، كە دەگاتە كێشانەوەی مۆڵەتی كاركردن یان داخستنی هەمیشەیی، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٦.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری داوا لە سەرجەم میدیاكاران دەكات، بەرژەوەندییە باڵاكان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە بكەن.