راچڵەكین -
بەهۆی بەردەوامیی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و پێشڕەویی زیاتری هێزەكانی ئەو وڵاتە، سوپای لوبنان بەناچاری لەناوچەیەكی باشووری وڵاتەكەی دەكشێتەوە.
میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 18-3-2026، هێزەكانی سوپا لە دەوروبەری شارۆچكەی شەبعا لە باشووری ئەو وڵاتە كشانەوە، ئەمەش دوای پێشڕەویی زیاتری هێزەكانی ئیسرائیل و نزیكبوونەوەیان لە پێگەكانی سوپای لوبنان لەو ناوچەیە.
كشانەوەی سوپای لوبنان لەبەشێكی ناوچەكانی باشووری وڵاتەكە، هاوكاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بەئامانجی لەناوبردنی بنكە و بارەگاكانی حزبوڵڵا و دوورخستنەوەیان لەناوچە سنوورییەكانی باكووری ئیسرائیل.
بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لەئەنجامی بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە رۆژی 2ی ئەم مانگەوە تا ئێستا، 968 كەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانیش بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 430 كەس بەرزبووەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵن.