رێنمایی نوێ بۆ رووماڵی كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاودەكرێتەوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 57

راچڵەكین -

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم، چەند رێنماییەك بۆ ڕووماڵی میدیایی لە بارودۆخی نائاساییدا بڵاودەكاتەوەو داواش دەكات رێگە نەدرێت كەناڵەكان ببنە سەكۆیەك بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.

لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-3-2026، وەزارەتی رۆشنبیری ئاڕٍاستەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كردووە، رایگەیاندووە " بەهۆی هەستیاریی دۆخی ناوچەكە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر داوا لە سەرجەم دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان و چالاكانی سۆشیال میدیا دەكەین پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:

بەرپرسیارێتی نیشتمانی:
 پێویستە گوتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم بێت و ڕێگە نەدرێت كەناڵەكان ببنە سەكۆیەك بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.

سەرچاوەی زانیاری:
 تەنیا پشت بە زانیاری و لێدوانی فەرمی گوتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەكان ببەسترێت؛ خۆتان لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەواشەكار و بێبنەما بپارێزن.

ڕووماڵی شوێنی ڕووداو:
 بڵاوكردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەكان قەدەغەیە. نابێت میدیا ببێتە هۆی كۆبوونەوەی خەڵك و دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.
بەرپرسیارێتی یاسایی لە وەرگێڕان: وەرگێڕانی پەیامی ژەهراوی و شێوێندراوی میدیا بیانییەكان، بڵاوكار لە بەرپرسیارێتی یاسایی نابەخشێت.

پاراستنی نهێنییەكان: 
بڵاوكردنەوەی هەر زانیارییەكی وردی سەربازی و ئەمنی كە سەقامگیری كۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، بە توندی قەدەغەیە.

ڕێزگرتن لە حەرەمی ماڵ و تاك: 
لە كاتی هەر ڕووداوێكی نەخوازراودا (وەك كەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەك)، نابێت كێبڕكێ لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ و شكاندنی شكۆی خێزانە زیانبەركەوتووەكان بكرێت.

داواكارین هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن